کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندامی پارلەمانی ئورووپا

11:34 - 27 خەرمانان 2725

شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە "حیسام دەست پیش" و "ئاسۆ عەزیزی" ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٥، لەگەڵ بەڕێز "ئاندریاس شیدەر"، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا. لەم دیدارەدا کە بەمەبەستی باسکردنی چەندین بابەتی سەرەکیی پەیوەست بە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، سێ تەوەری گرنگ هاتنە بەرباس کە بریتی بوون لە :

ـ دۆخی ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل: نوێنەرانی حیزب بە وردی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لەسەر کوردستان و سیاسەتەکانی ناوخۆیی شی کردەوە.

ـ سێیەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، باس لە خەباتە بەردەوامەکانی ژنان و کوردستان لەم سێ ساڵەی ڕابردوودا کرا .

ـ ئەرکەکانی پارلەمانی ئورووپا، نوێنەران جەختیان لەسەر پێویستیی پشتگیریی نێودەوڵەتی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کردەوە.

ئەندریاس شیدەر پرسیارەکانی خۆی سەبارەت بەم بابەتانە خستەڕوو، کە لەلایەن نوێنەرانی حیزبەوە بە وردی وڵام درانەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، نوێنەرایەتی تیشکیان خستە سەر دۆسییەی "پەخشان عەزیزی"، چالاکوانی کورد کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە. باس لە ڕێگاکانی هاوکاریی پارلەمانی ئورووپا بۆ پشتگیریکردن لەم دۆسییە کرا، لەوانە بەکارهێنانی گوشارە دیپلۆماسییەکان و ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا شاندی حیزب داوای بەشداریی زیاتری پارلەمانتارانی یەکیەتیی ئورووپا و دامەزراوەکانی سەر بەم ڕێکخراوەی لە پشتگیریکردن لە خەباتی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی کرد.