
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورددا، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم دوو لاوی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان لە شنۆ دەسبەسەر کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، دوو لاوی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی "دیار گەرگول" و "ئالان تابناک" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بەند کراون.
هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە نیوەی شەودا بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو لاوە و دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو لاوە لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی زانیارییەکان تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو لاوە، هەروەها چارەنووسیان ناڕوونە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەش لاوی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی شاری کامێران بە ناوەکانی "پەیام حوسێنی"، "سۆران موزەفەری"، "کاوان سەبووری"، "ئێحسان سەبووری"، "بێهرووز ڕەشیدی" و "ئەوراز زەمانی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.