
ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٤ ( ٢/٩/٢٠٢٥) محەممەد فەقێعەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، سەردانی خاتوو ئیگناس پرامەر ئەندام پارلەمان و وتەبێژی حیزبی سەوزی ئوتریش بۆ کاروباری نێونەتەوەیی کرد.
محەممەد فەقێعەلی، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەرکی تازەی پیرۆزبایی لە خاتوو پرامەر کرد.
پاشان کورتە مێژویەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ خانەخوێ باس کرد و پێداگریی لەسەر خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بە گشتی و ٨٠ ساڵ خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
نوێنەری حیزب لە بەشی دیکەی باسەکەیدا باسی لە حکوومەتەکانی پاشایەتی و ئاخوندەکان کرد و هەردووی ئەم ڕێژیمە دژی گەلییانەی لە ئێراندا وەک یەک ناو برد. محەممەد فەقێعەلی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە داواکاریی کوردەکان داواکارییەکی ڕەوایە و لە ئێرانێکی فرەنەتەوە و فرەکولتووردا بێ ئازادی و دێموکراسی و بێ یەکتر قەبووڵکردن و گرینگیدان بە یەکتری هیچ سیستمێک و هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک ناتوانێ ئارامی و ئاسایش بۆ نەتەوەکانی ناو ئێران دابین بکات، بۆیە بەر لە هەموو شتێک دەبێ دێموکراسی و ئازادی بە کردەوە ببنە بنەما بۆ ئێرانی داهاتوو، تەنیا ئەوەش دەتوانێ گەرەنتیی ئێرانێکی ئازاد بۆ هەموو نەتەوەکان بکات.
نوێنەری حیزب لە درێژەی باسەکەیدا هاتە سەر کار و چاڵاکییەکانی حیزب لەو وڵاتە و ئاماژەی بە چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە چەند دەیەی ڕابردوو لە وڵاتانی ئورووپایی بەگشتی و یەک لەوان ئوتریش کرد.
لەو چوارچێوەیەدا دۆستایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەگەڵ حیزبی سەوزی ئوتریش هێنایە بەرباس و وتی حیزبی سەوز و سیاسییەکانی لەو وڵاتە هەمو کات بۆ بەرەوپێشچوونی کاری کوردان، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوان و ڕێخۆشکەر بوون. لەوانە بەدواداچوونی دۆسییەی شەهیدانی ڤییەن و لێکۆلینەوە و بابەت و کتێب لەسەرنوسین و بێدەنگ نەبوون لە بەرانبەر ئەو غەدرە مێژووییەی کە حکوومەتی ئەوکاتی ئوتریش بەرانبەر بەو دۆسییەیە کردوویەتی بەشی هەرە زۆری ئەندامانی حیزبی سەوزی ئوتریش بوون. بۆیە لەمەش بەولاوە ئەم پەیوەندییە دەبێ زیاتر و بەهێزتر بکرێت و بچێتە ئاستێکی دیکە لە هاوکاری و بەیەکەوە کارکردن.
خاتوو ئیگناس پرامەر، ویرای سپاس بۆ ئەو سەردانە و پێدانی ئەو زانیارییانە
بەڵێنی دا کە لە هەر دەرفەتێک کە بۆی بگونجێت، لەگەڵ بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە پێوەندیدا بێت و بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ناوچە و کار و چالاکییەکانی حیزب بەتایبەتی و هەروەها پرسی کورد بەگشتی، زۆر خۆشحاڵ دەبێ، کە بتوانێ لە پەیوەندیی بەردەوامدا بمێنێتەوە.
خاتوو ئیگناس بۆ کاری هاوبەش بۆ چاوپێککەوتنەکانی داهاتوو خاڵە پێشنیارکراوەکانی حیزبی دێموکراتی قەبووڵ کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەوبارەوە دەربڕی.
یەکێک لە خاڵە پێشنیارییەکان گرتنی سێمینارێک لەژێر ناوی "ئێرانی فرەنەتەوە" بوو کە بڕیارە بۆ نەورۆزی داهاتوو لەلایەن نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات و بەشی نێونەتەوەیی پارلەمانی کلوبی سەوزەکانەوە کاری بۆ بکرێت و لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلەمان بەڕێوە بچێت.