کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوچوونی وێبینارێک بە بۆنەی ٣٣ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

10:30 - 30 خەرمانان 2725

بەبۆنەی ٣٣ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی لە ڕێستورانی میکۆنۆس لە بێرلین، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤(٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥)، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کانادا وێبینارێکیان بەڕێوە برد.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا، کە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان دەستی پێ کرد، هاوڕێ ئیسماعیل ئیبراهیمی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان لە ڕۆژاوای کانادا و بەڕێوەبەریی وێبینارەکە کورتەیەکی لەسەر بۆنەکە و ئامانجی وێبینارەکە پێشکەش کرد.

لە وێبینارەکەدا کە بەبەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەڕێوە چوو، "مادح ئەحمەدی"، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی "تێرۆری دوکتور شەعید شەرەفکەندی و سیاسەتی هەڵەی ئورووپا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران"، پێشکەش کرد.

مادح ئەحمەدی لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژەی بە سێ تایبەتمەندیی بەرزی دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی وەک: نەتەوەیی بوون، شۆڕشگێڕ بوون و توانای ڕێبەری کرد و دواتر پەرژایە سەر دۆسییەی تێرۆری دوکتور سەعید و هاوڕێیانی و شکستی سیاسەتەکانی وڵاتانی ئورووپایی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەحمەدی بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی پێوەندییەکانی نێوان ئورووپا و کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئێستا وتی: سیاسەتی "گفتوگۆی ڕەخنەگرانە" و دواتر "گفتوگۆی گشتگیر"ی ئورووپا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، نەتەنیا نەیانتوانی ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران بگۆڕێ، بەڵکوو بوو بە دەرفەتێک بۆ کۆماری ئیسلامی تا کات بکوژێت و کار لەسەر جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی بکات. بە وتەی ناوبراو، بڕیاری دادگای میکۆنۆس لە ئاپریلی ١٩٩٧ کە تێیدا عەلی خامنەیی و بەرپرسانی پلە یەکی ئەو ڕێژیمە بە تاوانبار و بڕیاردەری تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ناساند، دەرفەتێک بوو بۆ وڵاتانی ئورووپایی کە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بگۆڕن، بەڵام وڵاتانی ئورووپایی دوای ماویەک گەڕانەوە سەر هەمان ڕێچکە و لەژێر ناوی "گفتوگۆی گشتگیر"دا درێژەیان بە سیاسەتی هەڵەی پێشوو دا.

مادح ئەحمەدی لە درێژەی باسەکەیدا سێ خاڵی وەک هۆکاری سەرەکیی شکستی سیاسەتی ئورووپا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد کە بریتین لە: متمانەی زیادە لە پێویستی وڵاتانی ئورووپایی بە دانوستان و کەڵکوەرگرتنی ئامرازیی کۆماری ئیسلامی لە دانوستان، گرنگیدانی وڵاتانی ئورووپایی بە بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتماوەکان و پشتگوێخستنی پرسی مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها نەبوونی یەکگرتووییەکی ستراتێژیک لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی.

ئەحمەدی بە ئاماژە بە چەند نموونە لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بە ئامانجگرتنی دژبەرانی خۆی و هەروەها تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ئورووپا وتی: تا ئێستاش وڵاتانی ئورووپایی لە مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، نەیانتوانیوە هیچکام لە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن و نەیاتوانیوە ئێران ڕازی بکەن پرسی مافەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکات، هەروەها نەیانتوانیوە لە ڕووی ئابوورییەوە بە ڕێککەوتنێکی درێژماوە بگەن و نەیاتوانیوە ڕەفتاری رێژیم بگۆڕن.

مادح ئەحمەدی لە کۆتایی باسەکەیدا، بە ئاماژە بە گرنگیی بڕیاری دادگا لەسەر دۆسییەی تێرۆری دوکتور سەعید و هاوڕێیانی، وتی کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ئورووپایی بەشێوەیەکی یەکگرتووانە بەرەوڕووی سیاسەتە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و کۆتایی بە سیاسەتی ڕابردوویان بێنن و گوشارەکانی خۆیان بۆسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چڕ بکەنەوە.

لە بەشی کۆتایی ئەم وێبینارەدا ژمارەیەک لە بەشداربووان، بە پرسیار و تێبینی بەشداریی باسەکەیان کرد و ڕا و سەرنجی خۆیان خستەڕوو.