ئەندامان و بەشدارانی کۆنگرەی نۆهەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
بە ناوی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەتان لێ دەکەم و هیوادارم کۆنگرەکەتان بتوانێ بەپێی پلان و بەرنامەی ئامادەکراو، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕێنێ. ئێوە ئەرکێکی پیرۆز و ڕەسالەتێکی مێژووییتان لەسەر شانە و دەتوانن بە خستنەسەریەکی توانا و پوتانسیەلی گەورەی لاوان و ڕێکخستنیان لە ڕێکخراوەکەتاندا، لە بنیاتنانی داهاتووی نیشتمانەکەماندا نەخشی بەرچاوتان هەبێ.
کۆنگرەی نۆهەمی یەکیەتیی لاوان لە کات و هەلومەرجێکی هەستیار و چارەنووسسازدا بەڕێوە دەچێ. لە لایەک گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بەتایبەت بەدوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل و تێوەگلانی میلیشیا نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە کە تیایدا ڕێژیم بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گەورە بۆتەوە و، لە لایەکی دیکە پەیوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسۆنگەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشن بە بۆمبی ئەتومی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گرژی تێدەکەوێ و ئەو ڕێژیمە لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا پتر تەریک دەکەوێتەوە. هاوکات شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران پەردەی لەسەر لاوازی و دەستەوەستانیی ڕێژیم بەرامبەر هەڕەشەی دەرەکی هەڵدایەوە و بانگەشەکانی هەیمەنەی درۆیینی ڕێژیمی پووچەڵ کردەوە کە چەندین ساڵە هەوڵی جێخستنی لە ناوخۆ و دەرەوە دەدا.
لە نێوخۆی وڵات و پێوەندیدار بە خەڵک، قەیرانی حوکمڕانی و خزمەتگوزاری و دۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە پەنا سەرکوتی بەربڵاو و سیستماتیکی هەر چەشنە حەڕەکەتێکی ناڕەزایەتی، تەنگیان بە نەتەوەکانی ئێران هەڵچنیوە. گەندەڵی و بەتاڵان بردنی سامانی وڵات لەلایەن سوپای پاسداران و دامودەزگاکانی نزیک لە دەسەڵات، نابەرپرسیار بوون بەرامبەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و خەمساردی و بێ بەرنامەیی لە ئاست پاراستنی ژینگە، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی خزمەتگوزاری و ئابووری و ژینگەیی لە ئێراندا.
لاوانی وشیار و نیشتمانپەروەری کوردستان!
کەڵەکە بوونی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، کە دەرەنجامی ناکارامەیی و لاساریی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەیە، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. لە ناوخۆی ئێراندا بزووتنەوەی ئازادیخوازیی، بەردەوام لە گەشە و بەرەوپێشچوون دایە و گەلانی ئێران شێلگیرانە بەرەنگاری سیاسەتەکانی ڕێژیم بوونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات قووڵتر دەبێتەوە. بزووتنەوەی ژینا لوتکەی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرامبەر کۆی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بوو کە لاوان بزوێنەر و پێشەنگی ئەو بزووتنەوەیە بوون. سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ بە پاشخانێکی مەعریفی و شۆڕشگێڕانە، کە خواست و داواکارییەکانی خۆیان بە پێوەرەکانی دنیای ئەمڕۆیی و پێشکەوتوو پێناسە کردوە و چیتر ئامادە نین دەسەڵاتێکی دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ قەبووڵ بکەن، بۆتە دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی. لاوانی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا، دەسپێشخەر و پێشەنگی گەورەترین و درێژماوەترین سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی سەردەمی کۆماری ئیسلامی بوون و توانییان بە هێنانە گۆڕی کۆمەڵێک دروشم و تێڕوانینی نوێ، هیوای ئازادی و ڕزگاری لە نێو گەلانی ئێراندا بچێنن.
سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردەرانەی ڕێژیم لە وڵاتانی ناوچە و پەرپێدان بە خۆ پڕچەککردن و بەرنامەی ناوکی و هەروەها هەڕەشە لە بەها مرۆڤایەتییەکانی وەک دیمۆکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ، پێدەچێ بەرەبەرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو کۆدەنگییەک بەرێ بۆ فشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ڕێژیم. نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد قوربانیی سەرەکیی ئەو بارودۆخەن کە ڕێژیم لەماوەی نزیک بە پێنج دەیە دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا خوڵقاندوویەتی. لە وەها بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی فشاری دەرەکیدا بەرەو لاوازی و پووکانەوە دەڕوا، دەرفەتێکی گونجاو بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دێتە گۆڕێ کە پێویستە لاوان بیقۆزنەوە و خاوەندارێتی لێ بکەن. لاوانی وریا و وشیاری کورد کە باش لەوە تێگەیشتوون تەنیا ڕێگای چارەسەری هەموو ئەو قەیرانانەی کە هەژاری و بێ دەرەتانی و بێ مافی لێکەوتۆتەوە، ڕووخانی ئەو ڕێژیمەیە، لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا لە هیچ فیداکارییەک درێغیان نەکردوە و نایکەن.
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڕوای بە هێزی لەبڕاننەهاتووی لاوان هەیە و پێی وایە کوڕان و کچانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری کوردستان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. حوزوور و بەشداری بەرچاو و کاریگەری لاوان لە چالاکیی فەرهەنگی، هونەری، ژینگەیی و هتد لە چوارچێوەی کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی جۆراوجۆردا، خەباتی ناسنامەخوازی گەلەکەمانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بردوە. لاوانی کورد چ لە بەرگی پێشمەرگایەتی و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا و چ لە چالاکییە مەدەنییە شوناسخوازانەکاندا توانیویانە ببنە قەڵای کوردایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەمکاری و دیکتاتۆڕی.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لە خەباتی ڕەوای لاوان بۆ دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی گەش دەکا و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بە ئەزموونترین ڕێکخستنی لاوانی کورد هان دەدا لە کار و چالاکیی ناسنامەخوازانە لە پێناو پتەو کردنی بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەردەوام بێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕیی
خەرمانانی ١٤٠٤