
لەکاتێکدا کە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک و چەند کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، چەندین ناڕازیی لە سێدارە داون، هێزە سەرکوتکەر و تاوانبارەکانی خۆی کە دەستیان لە کوشتنی بەربڵاوی "هەینیی خوێناوی"ی زاهێداندا بووە، تەنیا چەن سزای ڕواڵەتی و سووکیان بۆ دیاری کراوە.
بە وتەی عەلی موەحدی ڕاد، سەرۆکی گشتیی دادگوستەری ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، تاوانبارانی ڕووداوی خوێناویی ٨ی ڕوزبەری ١٤٠١ کە بە هەینیی خوێناوی ناسراوە، لە دوای تەقەکردن لە زیاتر لە ١٠٣ کەس لەوانەش ١٥ منداڵ لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی زاهێدان، سەرەڕای تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، تەنیا بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا دراون.
دەرکردنی سزای ڕواڵەتی بۆ تاوانبارانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بەپێی مادەی ٢٩٠ی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی، کوشتنی بەئەنقەست سزای "قەساسـ"ـی بەدواوەیە و لە بڕگەی ٣٨١یش پێداگریی لەسەر ئەو سزایە کراوەتەوە.
ناوبراو لە ئیددیعایەکی درۆیینەدا و سەرەڕای گوشاری چەندقات بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی بەلووچستان و هەڕەشەی لێئەستاندنەوەی ناسنامەی تاکەکەسی و دەرکردن لە وڵات، ئیددیعای ئەوەی کردووە کە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و برینداران "دییە" و "پشتیوانیی بژێویـ"ـیان وەرگرتووە.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە دۆسییەی نزیک بە ٢٠٠ کەس لە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ئەو ڕووداوە ڕەت کراوەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە هەندێک لەو بنەماڵانە هەڕەشەی دەرکردن لە وڵات و لێئەستاندنەوەی ناسنامەیان لێ کراوە.
کارناسان و چالاکانی بەلووچ دەرکردنی ئەو سزا سووکانە بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر دڕندانەترین سزاکانیان دژی خەڵکی ناڕازییان بە نموونەیەکی ڕوون لە هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕێژیم دژی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران لە قەڵەم داوە.
دۆسییەی هەینیی خوێناویی زاهێدان پێوەندیی بە ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١وە هەیە کە هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای نوێژی هەینی لە مۆسەلای زاهێدان ڕوو لە خەڵکی بەلووچ تەقەیان کرد و لە ئاکامدا زیاتر کە ١٠٣ کەس لەوانەش ١٥ منداڵ کوژران.