کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتەکانی شەڕی دوازدە ڕۆژە لە نێوخۆی ئێران

20:08 - 31 خەرمانان 2725

عومەر باڵەکی

لەو کاتەوە نیزامی سیاسیی ئێران لەسەر بنەماکانی ئایینی و لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامی جێگای نیزامی پاشایەتیی گرتەوە، گەلانی ئێران ناچار بوون لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵەدا، باجی باوەڕ و ئایدۆلۆژی و سەرەڕۆییەکانی ئەو نیزامە بدەن، و لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە پێشکەوتنەکانی سەردەم دوا بکەون. دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کورسیی دەسەڵات، بنەمای سیاسەتی دەرەکیی خۆیان لەسەر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران داڕشت و، بۆ بەئاکامگەیاندنی ئەو پرۆژەیە دەبوایە هۆکارێک بدۆزنەوە کە بتوانن خەڵک لە دەوری ئەو پرۆژەیە کۆ بکەنەوە، یەکێک لە هۆکارەکان کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەیانتوانی پشتی پێ ببەستن، پرسی کێشەی فەلەستین لەگەڵ ئیسڕائیل بوو، هەربۆیە لەو ڕاستایەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە دروشمی "ئیسڕائیل لە دەریا دەکەین"، هاتنە مەیدان و تەنانەت لە جەنگەی شەڕی هەشت ساڵەی (ئێران- عێراق)دا بۆ شەرعییەتدان بە درێژەدانی شەڕەکە، دروشمی "ڕێگای قودس بە کەربلادایە"، بوو بە دروشمی ستراتێژی مەیدانی شەڕ.

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران بەدانی ئەو دروشمانە توانییان بۆچوونی کۆمەڵێک گرووپ و ڕێکخراوی فەلەستینی و سوورییەیی و لوبنانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن ئەوجار کاریان بۆ ئەوە کرد کە لە بواری فیکری و ماددییەوە ئەو ڕێکخراو و گرووپانە بکەونە ژێر کاریگەریی نیزامی کۆماری ئیسلامی و لە ماوەیەکی زەمەنیدا، بە کردەوە بوون بە باڵی ئیجرایی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بەوجۆرە کۆماری ئیسلامی توانی لە ناوچەکەدا خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەکە نیشان بدا و بە دنیای دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی بڵێ، کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی بەبێ ڕازیبوون و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ نابێ و درێژەدانی ئەو سیاسەتە وای لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد، کە واز لە سیاسەتی هەڵکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بهێنن و کار بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی کار و کردەوە زیانبارەکانی کۆماری ئیسلامی و پاشەکشە پێکردنی ئەو نیزامە بۆ نێو سنوورەکانی ئێران. بۆ جێبەجی‌کردنی ئەو پرۆژەیە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە بەتایبەتی ئیسڕائیل و ئەمریکا لە هەل و دەرفەت دەگەڕان کە هێرشی ڕێکخراوی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسڕائیل ئەو دەرفەتەی خوڵقاند و ئەو پرۆژەیەی بە ناوی "میحوەری موقاومەت" کە ساڵیانی ساڵ بڕبڕەی پشتی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە بوو و لە ڕێگای ئەو هێزە نیابەتییانەوە مەیدانی شەڕی گواستبۆوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵ لەژێر زەبری سپای ئیسڕائیل بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەتایبەتی ئەمریکا بەتەواوی لێک‌هەڵوەشا و تەفروتوونا بوو، و دیتمان دوای ٤٧ ساڵ شەڕ گەیشتە نێو خاکی ئێران و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی تاروپۆی نیزامی و دەوڵەتی و ئابووریی ئێرانی وەلەرزە خست، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی ئەو ١٢ڕۆژەدا لانیکەم ٢٦پارێزگای ئێران کەوتنە بەر پەلاماری هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل بێ‌ ئەوەی هێزی نیزامیی ئێران بە هەموو لق و پۆوەکانیەوە بتوانن دژکردەوەیەکی بەرگری‌کارانەی وا لە خۆیان نیشان بدەن، کە سپای هێرشبەر هەتا ڕادەیەک بسڵەمێتەوە و بە پارێزەوە هێرشەکانی ئەنجام بدا و ئەوە وێنەیەکی دروستی بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم لە تواناکانی خۆی نیشانی گەلانی ئێران و جیهانی دا، کە کۆماری ئیسلامی ئەوەی لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵەدا تەبلیغی بۆ کردوە، تەنیا لایەنی پڕوپاگەندەی هەبووە و لە کردەوەدا ئەو هێزە نیە کە بتوانی لە مەیدانی شەڕدا لە بەرانبەر دەوڵەتانی زلهێزدا بەربەرەکانی و دەست بکاتەوە.

دوای ئەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە ئاگربەست لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران ڕاگەیەندرا و بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، دەنگی دەهۆڵی شەڕ بێدەنگ بوو، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەوجار هەستیان بەوە کرد ئەگەر پێش شەڕی دوازدە ڕۆژە لەنێو کۆمەلگەی ئێراندا، دوای ڕاپەڕینی ژینا (١٤٠١)لەگەڵ قەیرانی مەشروعییەت بەرەوڕوو بوو، لە ئێستادا کە بەهۆی زیانەکانی ئەو شەڕە بێ‌ مودیرییەتی و بێ‌کیفایەتیی دەسەڵاتدارانی تاران لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان زیاتر دەرکەوتووە و خەڵک ناڕازیتر لە جارانن و لە خۆیان دەپرسن بۆچی دەبێ ئەو هەموو دژواری و کەم دەرامەتی و شێواویی کۆمەڵگە قەبووڵ بکەن!؟ بۆیە لەگەڵ دامرکانی ئاگری شەڕ، دەبینین درزی نێوان حکوومەت و خەڵک زیاتر لە جاران گەورەتر بۆتەوە، بەو مانایە کە ڕۆژبەڕۆژ داواکارییەکانی خەڵکی ئێران زیاتر دەبن و بەو ڕادەیەش حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە عاجزە، بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران بەپێی پیشەی خۆیان و گەڕانەوەی هەیمەنەی پێشوویان، دەستیان کردوە بە گرتن و ڕاودوونانی خەڵکی بێ‌تاوان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی پێ چاوترسێن بکەن کە بیر لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بە دژی ڕێژیم نەکەنەوە. بەڵام ئەو سەرکوتکردنەی خەڵک ئیدی دادی ڕێژیم نادا و ناتوانێ پێش بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەربەرینی خەڵک بگری. چونکە ئەگەر پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتییە بەربەرینەکانی خەڵکی ئێران، نیزامی کۆماری ئیسلامی مەشروعییەتی خۆی لە کۆمەڵگەی ئێران لەدەستدا بوو، بە شەڕی ١٢ ڕۆژە هەروەک پێشتر باس کرا، زیاتر مەشروعییەتی ئەو نیزامە کەوتە ژێر پرسیار.

لە بارودۆخێکی وادا، بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتەکانی پێشوو بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی حوکمی مەرگ و ڕووخانی ڕێژیمی بەدوادا هەیە. بۆیە یەکێک لە پەیامەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران ئەوەیە کە ئەگەر دەیانهەوێ ڕێژیم نەڕووخێ، دەبێ بەدوای ڕێکاری نوێ حوکمڕانیی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێراندا بگەڕێن کە لە ئێستادا بە هەڵسوکەوتی هەموو ڕێبەرانی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیارە، کە ئەو بابەتە بۆتە گەورەترین گرفتی فیکری و ستراتێژی بۆ ئەوان کە چۆن بتوانن لەو قەیرانە دەرباز بن. بەڵام ئەزموون و مێژوویی ٤٧ ساڵەی دەسەڵاتداریەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئەوەی سەلماندوە کە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە ناتوانن لە ئیدە و ئەندێشەی خۆیان تێپەڕبن، چونکە ئەوەی باش دەزانن تێپەڕبوون لەو ئایدۆلۆژییە بە مانای نەمانی کۆماری ئیسلامییە.