
ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤(٢٠٢٥/٩/٢١) سێمینارێکی سیاسی بۆ بەرێز دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە لە وڵاتی بریتانیا پێک هات.
سێمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەری بۆنەکە خاتوو فاتمە سەید ئیبراهیمییەوە دەستی پێ کرد.
پەیامی سکرتێری گشتیی حیزب بەڕێز کاک مستەفا هیجری بۆ سێهەمین ساڵی شۆڕشی ژینا لەلایەن ئەژین مودەڕەسی بە زمانی ئینگلیسی خوێندرایەوە.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی باسه‌که‌ی کاک ئاسۆ حه‌سه‌نزاده بریتی بوو لە یه‌کانگیریی هه‌ر سێ ڕووداوی شه‌هیدکردنی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی، مووشه‌كبارانی بنکه و باره‌گاکانی حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی ژینا.
له‌ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه جینایه‌تی ئه‌نجامدراو له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه له هه‌ر سێ بڕگه‌دا نه‌ک ته‌نیا له ڕووی هۆکار و به‌ستێن و ئامانجی سیاسییه‌وه یه‌ك ده‌گرنه‌وه، به‌ڵکوو له ڕووی یاساییشه‌وە ده‌چنه خانه‌ی هه‌مان پێناسه‌وه که بریتییه له تێرۆر و کوشتن لە ده‌ره‌وه‌ی یاسا و به ئامانجگرتنی جیابیرانی سه‌ر به گرووپێكی تایبه‌ت که ئه‌وه‌ش به تاوانی دژه‌مرۆیی له قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
له‌و به‌شه‌دا ناوبراو وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده جۆربه‌جۆره‌کانی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی رێژیمی ئێران، پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه کرد که کورده‌کان به‌شی شێریان له سیاسه‌تی تێرۆری ئه‌و رێژیمه وه‌به‌ر که‌وتووه و هه‌موو ئاماره‌کان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن که رێژه‌ی قوربانییانی سه‌ر به کورد و هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان چه‌ند هێنده‌ی رێژه‌ی دێمۆگرافیی کورد له ئێراندایه.
دواتر ئاسۆ حه‌سه‌نزاده پەڕژایه سه‌ر دژکرده‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به سیاسه‌تی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە هه‌ر دوو به‌ستێنی سیاسی و قه‌زاییدا. ئه‌و وێڕای ئاماژه به به‌ربه‌ستە کۆن و ده‌رفه‌ته نوێیه‌کان بۆ لێپێچینه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی، ئاماژه‌ی به ڕاڕایی هێشتا به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی له هه‌ڵبژاردنی ستراتێژییه‌كی روون و یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ چاره‌نووسی کۆماری ئیسلامی کرد.
هه‌ر بۆیە ناوبراو به‌شی کۆتایی وته‌کانی بۆ وڵامی سیاسی و خه‌باتگێڕانه‌ی خودی کورد و گه‌لانی ئێران به جینایه‌ته‌كانی کۆماری ئیسلامی ته‌رخان کردبوو. له‌و به‌شه‌شدا ناوبراو وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ژینا و هۆکاره‌کانی به ئامانج نه‌گه‌یشتنی، ئاماژه‌ی به‌و پێویستییانه کرد که بۆ خستنه‌وه سه‌ر پێی بزووتنه‌وه‌یه‌کی هاوشێوه به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگەی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کانی کورددا زه‌رووره ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه و هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌یان بۆ هه‌ڵبگیرێ.
بەشی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت بوو بە وەرگرتنی کۆمەڵێک پرسیار کە لەلایەن کاک ئاسۆ وڵام درانەوە.
لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بریتی بوون لە:
- یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان
- بزووتنەوەی گۆڕان
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی خەبات
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
- حزب مردم بلوچستان