کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی ڕێزگرتن لە براوەی خەباتی ساخارۆفی ٢٠٢٣ی یەکیەتیی ئورووپا

12:31 - 1 رەزبەر 2725

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤(٢٢/٩/٢٠٢٥) شاندێکی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران پێکهاتبوو کە حیسام دەست پیش و ئاسۆ عەزیزی بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕێزگرتن لە براوەی خەباتی ساخارۆفی ٢٠٢٣ی یەکیەتیی ئورووپا کرد. ئەم کۆنفرانسە لە دوو پانێل پێکهاتبوو کە بە بەشداریی کۆمەڵێک کە کەسایەتییە سیاسی و مافی مرۆڤییەکانی ئێرانی و ئورووپایی ڕێک خرابوو.

پانێلی یەکەم بە قسەکانی خاتوو هانا نیومەن، نوێنەری پارلەمانی ئورووپا دەستی پێ کرد. بەڕێزیان ئاماژەیان بە زوڵم و زۆری ناوخۆی ئێران کرد کە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی ئێران بەرامبەر بە خەڵک دەکرێ و لەم ناوەدا بەشێوەی سیستماتیک کورد و بەلووچ زوڵملێکراوتر لە خەڵکی دیکەی ناو ئێرانن.

هەروەها ئاماژەیان بەم بابەتە کرد کە لە دەستپێکی ٢٠٢٥ تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و هاوکات لەگەڵ ئەم بابەتە ئێران دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی دیکە ڕانەگرتووە و هەر درێژەی دەدات.

خاتوو نیومەن لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە پاڵپشتیی خەڵکی ئێران کردەوە و وتی ئێمە وەک یەکیەتیی ئورووپا دەبێ ببینە دەنگی کەسانی زوڵملێکراوی ناو ئێران.

دواتر خاتوو مێرسێدە شەهینکار لە بریندارانی شۆڕشی ژینا، بە ڤیدیۆ کۆنفرانس (لە ئامریکاوە) بەشداری کۆنفرانسەکە بوو و ڕایگەیاند: ڕاستە ژنان بە بیانووی حیجابەوە هاتنە سەر شەقام بەڵام ئامانجی سەرەکییان دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران بوو و هەیە. ناوبراو ئامارێک لە کوژراوان و بریندارانی پێشکەش کرد.

خاتوو مێرسێدە باسی لەم بابەتە کرد کە تا لە دەرەوە زۆرتر مەیدان بە کۆماری ئیسلامی بدرێ لە ناوخۆ سەرکوت زۆرتر دەکات.

سێهەم کەس لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکە ماڕکوس میکائیلسێن لێکۆڵەری سەرکوتی دیجیتاڵ بوو کە وتی: دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە سەرکوتی دیجیتاڵ کەڵک وەردەگرن.

یەک لەم شێوانە ترساندنی چالاکوانانی دەرەوە بۆ بێدەنگکردنیانە و لەم ڕێگایەش لە هەڕەشە و ناوزڕاندن و هیچ بابەتێکی تر خۆ ناپارێزن!

دواتر ئیسماعیل عەبدی دەبیری گشتیی کانوونی مامۆستایانی ئێران چاوخشاندنەوەیەکی بەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد و ئامارێکی لەسەر مامۆستایانی دەسبەسەرکراو، دەرکراو و خانەنشینکراو پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە دەوری دووهەمدا سەرکوت لە ناوخۆ زۆر دەبێ و ئەگەری هەیە وەک دەوری یەکەم دیسان سەرکوت زیاتر بکاتەوە.

لە پانێلی دووهەمدا خاتوو مای ساتۆ کۆمیسێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران قسەی کرد. پێشەکی ئامارێکی کورتی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرد و دواتر ئاماژەی بەم بابەتە کرد کە ئەو ئەمساڵ دوو ڕاپۆڕت لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش دەکات، یەکەم ڕاپۆرت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و دووهەمیان بۆ شۆرای مافی مرۆڤ و لەم ڕاپۆرتانەدا بەدڵنیاییەوە باس لەم بابەتانە دەکات کە دەسەڵاتی ئێران لەبەرچاویان ناگرێ و پێشێلیان دەکات.

دواتر بەڕێز شاهین میلانی بەرپرسی بەشی بەئارشیڤکردنی مافی مرۆڤی ئێران وەک کەسی دووهەم لە پانێلی دووهەم قسەی کرد و ئامارێکی لەسەر پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران خستە بەردەست ئامادەبووان.

لە کۆتاییدا ئامادەبووان بیروبۆچوونی خۆیان و پرسیارەکانیان پێشکەش کرد.

شاندی حیزبیش باسی لەسەر بارودۆخی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران و ئاماری کوژراو و بریندارانی کورد و بەلووچ لە شۆڕشی ژینادا کرد کە لەچاو باقی ناوچەکانی ئێران زۆر زیاترە و هەروەها ئاماژەیان بەم خاڵە کرد کە دەسبەسەرکراوانی سیاسیی کورد لە ئێران زیاتر لە نیوەی گیراوانی سیاسیی ئێرانن و ئەمە یانی سەرکوت بەشێوەی سیستماتیک لە کوردستان بەنیسبەت باقی ناوچەکانی ئێران زۆر زیاترە.