
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە ڕێژەی دەسبەسەرکردن و حوکمدرانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی ئامارێکی بڵاو کردەوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەم ئەنجومەنە لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی ٤١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
بەشێک لەم کەسانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بانگی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.
بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاویدا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرەدنیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ٤٠ ساڵ و ١٠مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو و ٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردن مەحکووم کراون.
هەروەها کاوە ساڵحی بە سێ جار لسێدارەدان مەحکووم کراوە و دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "مێهران بەهرامیان" و"بابەک شەهبازی" لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە لە سێدارە دراون.