
تەقەی ڕاستەوخۆ و سەرەڕۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری "نەوسوود"، برینداربوونی کۆڵبەرێکی بەدواوە بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی کوردستان، شەوی سێشەممە یەکی ڕەزبەر، "کاروان ئەڵماسی" کۆڵبەری کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجانی دوابەدوای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری "نەوسوود" بەسەختی بریندار بووە.
هێزەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەم کۆڵبەرەیان کردووەتە ئامانج و برینداریان کردووە.
بەم حاڵەوە، نەخۆشخانەی شوێنی چارەسەرکردنی کاروان ڕایگەیاندووە کە تا پێش پاکانەحسێبی نەشتەرگەرییە قورسەکان، هیچی بۆ ناکرێ، بابەتێک کە دۆخی ناوبراوی قەیراناویتر کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو لە توێژی بێبەریکراوی کۆمەڵگە بووە و توانای ماڵی بۆ دابینکردنی تێچووەکانی چارەسەری پزیشکیی نەبووە.
پێویستە بوترێ کە پزیشکەکان هۆشدارییان داوە کە ئەم کۆڵبەرە بە زووترین کات پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و ئەگەر ئەوەی بۆ نەکرێ بۆ هەمیشە دەستێکی لەدەست دەدا.