
لە درێژەی دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکان و دەرکردنی حوکم بۆ هاووڵاتییانی کورد، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و نەغەدە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بە بەندکران حوکم دران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی هیوا محەممەدی و خەڵکی بۆکان پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە حەفتەی پێشتریش بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کرابوو و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا ئازاد کرابوو.
هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و چارەنووسی هیوا محەممەدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، فرهاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" بە شەش مانگ بەندکران سزا درا.
ئەم هاووڵاتییە دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی جیبەجێکرانی حوکمەکەی لە بەندخانەی نەغەدە ئامادە بێت.
فەرهاد کەریمی لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەیەکی ورمێ کرا و پاشان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.
فەرهاد کەریمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و پاش ٤٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کراوە.