کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ پارلەمانتارێکی پارلەمانی بێلژیک

23:50 - 4 رەزبەر 2725

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٢٣/٩/٢٠٢٥) هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەڕێزان "حیسام دەست‌پیش" و "ئاسۆ عەزیزی" لەگەڵ بەڕێز "کامل ئەندەر نیڵست" نوێنەری پارلەمانی بێلژیک کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لە دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی کرد.

هەیئەتی حیزب هەروەها ئاماژەی بە سەرهەڵدانی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و کاریگەرییەکانی بۆ سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران کرد و باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ زیادکردنی دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە کرد.

لەم دیدارەدا دوایین هەڵوێستەکانی حکوومەتی بێلژیک لەبارەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان کورد و بێلژیک تاوتوێ کران.

لەلایەن بەڕێز "کامل ئەندەر نیڵست"ەوە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەڵوێستی حیزبی دیموکرات لەبارەی پرسی کورد لە ئێران و ناوچەکە چەند پرسیارێک ئاراستەی نوێنەرانی حیزبی دێموکرات کرا.

هەردوولا لەسەر پێویستیی چڕترکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران هاوڕا بوون و ڕایانگەیاند کە پێویستە هاوکارییەکانی نێوان کورد و بێلژیک لە بوارە جیاوازەکاندا بەردەوام بن و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.

لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام لە خراپبووندایە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان گوشار بخاتە سەر ڕێژێمی ئێران.