
ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و باسی لە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران و هەڕەشەکان لە دژبەرانی ڕێژیم کردووە.
مای ساتۆ لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگەی ئازاردان و گوشارخستنە سەر بنەماڵەی دژبەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانانی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات، هەڕەشەیان لێ دەکات.
لەم ڕاپۆرتەدا، کۆماری ئیسلامییان لە بەرانبەر مەرگە گوماناوییەکان لە گرتنگەکان و هەروەها کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران بە بەرپرسیار زانراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان جەختی کردەوە کە کەمینەکان بە شێوەی سازماندراو لەگەڵ هەڵاواردن لە کەرتی پەروەردە، دامەزراندن و خزمەتگوازریی گشتی بەرەوڕوون و بە کردەوە لە زۆر مافی بنەڕەتی بێبەری کراون.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئاو و وزە لە ئێراندا کرد و ڕایگەیاند کە پچڕانی بەردەوامی کارەبا و کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان، بەتایبەت لە پارێزگا پەراوێزخراوەکانی وەک سیستان و بەلووچستان، بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێی زۆربەی بنەماڵەکان و ئاسەواری بەربڵاویشی لە سەر کەرتەکانی پەروەردە، بێهداشت و کار داناوە.
ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەی بە لانیکەم ١٠٨ حاڵەتی ژنکوژی لە ئێران کرد و نەبوونی یاسا دژی توندوتیژیی بنەماڵەیی و بەتاواننەناسینی دەستدرێژیی هاوسەرێتی بە هۆکارەکانی بەردەوامیی توندوتیژی دژی ژنان زانی.