کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی حیزب لەگەڵ سکرتێری پارتی لیستی یەکگرتووی دانمارک

15:47 - 6 رەزبەر 2725

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤( ٢٧/٩/٢٠٢٥)،  پارتی لیستی یەکگرتوو “ئینهێدس لیستن” سێمینارێکی بۆ بەڕێز “پێلە دغاوستێد” سکرتێری گشتیی پارتەکە و "لیسبێت تۆرفینگ" بەربژێری پارتی ناوبراو بۆ هەڵبژاردنە شارەوانییەکانی مانگی داهاتوو، لە شاری هۆرسنس پێک هێنا کە ناوەرۆکەکەی لەسەر سیاسەت و هێڵە گشتییەکانی پارتەکە و ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکان بوو. 

شاندی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە هەژار دەشتی بەرپرسی پەیوەندییەکان و دانا ئەلیاسی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دانمارک، بەشداری ئەو سێمینارە بوون و لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی ئەو پارتەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە سەرەتادا بەڕێز پێلە، باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر سیاسەتەکانی پارتەکەیان لە دانمارک و هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتی پارتەکە پیشکەش کرد و ئاماژەی بە پشتیوانیی پارتەکەیان بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد کرد و  دووپاتی کردەوە کە ئەوان وەک هەمیشە پشتیوانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و کوردستانن و نابێ ئەو بەشە لە پشتیوانی پشتگوێ بخرێ.

لە بەشی دووەمدا خاتوو لیسبێت، باسی لە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد کە لە ١٨ ی مانگی نۆڤامبەر بەڕێوە دەچێ. ناوبراو باسی لە پڕۆژەکانیان و هەروەها سیاسەتەکانی پارتەکە بۆ باشتر کردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کرد لە شاری هۆرسنس. 

لەو میانەدا شاندی حیزب وێڕای بەشدارییەکی چالاکانە لە سێمینارەکە لەگەڵ ڕێزدار پێلە، کۆبووەوە کە تێیدا جەخت لە سەر کار و پرۆژەی هاوبەش لە نێوان پارتی ناوبراو و نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک کرا.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هێزی مرۆیی و دەنگدەری ئەندامانی حیزب کرایەوە لە دانمارک کە  کاریگەرتی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە و پارتی ناوبراو و پارتەکانی تر لە ڕێگای سیاسەتەکانیان لە هەمبەر دۆزی ڕەوای گەلی کورد و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەو دەنگدەرانە دابنێن.  

بەڕێز پێلە لە کۆتاییدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو کۆبوونەوە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ئەوان خۆیان وەک دۆستێکی کورد و کوردستان دەبینن.