
(وتاری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا)
ئامادەبووانی بەرێز!
خۆشک و برایانی ڕێزدار!
نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان!
میوانانی هێژا!
لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم کۆنفرانسە و بەشداریتان لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە. ئەمڕۆ کۆ بووینەوە هەتا وێرای بەرز نرخاندن و یادکردنەوەو تاووتوێی بزووتنەوەی ژینا، پێکەوە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ هاودەنگیی زیاتر و ناردنی پەیامی یەکگرتوویی و یەکهەنگاویمان بۆ کۆڕ و کۆمەڵانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەر چوار گۆشەی جیهان و بەتایبەت نێوخۆی کوردستان.
زۆر سپاسی ناوەندی دیالۆگی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکەم بۆ پێکهێنانی ئەم دەرفەتە.
ئیزن دەخوازم پێش دەستپێکی باسەکەم سڵاو بنێرم بۆ بنەماڵەی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، بریندارانی بزووتنەوەی ژینا و ڕابگەیەنم کە پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە و پشتیوانی بەردەوامیی چالاکی و لەخۆبوردوویەکانیانین.
ئەمرۆ ئێمە لە دۆخێکدا کۆ بووینەتەوە کە سێ سال بەسەر بزووتنەوەی مافخوازانەی ژینادا تێپەریوە و لەم ماوەیەدا زۆر ئالوگۆر و ڕوووداو لە نێوخۆی ئێران، ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و جیهاندا پێکهاتووە، کە هەر کام لەم ڕووداوانە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر جووڵانەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هەبووە. ئێستا کە باس لە بزووتنەوەی ژینا دەکەین هیندێک پرسیار دێنەوە ئاراوە، پرسیارگەلێکی وەک؛ بەستێنە سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیە چی بوون؟ لەمپەڕ و کەمایەسییەکانی بەردەم سەرکەوتنی کامانەن؟ ئۆپۆزیسیۆنی لێکبڵاو و ناوەندگەرا و پاوانخوازەکان ئێرانی فرەنەتەوە بەرەو کوێ دەبەن و دەوری کوردستان لەم ڕەوتەدا چیە و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەمی چین و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان لە نەبوونی ئالترناتیڤێکی دێموکڕاتیکی سەراسەریدا چۆن دەبێ.
لەم ماوە کورتەی ئەمڕۆدا دژوارە بپرژێینە هێنانەبەرباسی هەموو ئەو بابەتانە و دۆزینەوەی وەڵام بۆ سەرجەم پرسیارەکان، بە تایبەت کە دۆزینەوەی وەڵامەکان بە تەنیا لای یەک حیزب و تاکێک ئەستەمە. بەڵکوو گرینگ ئەوەیە بتوانین ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ زیاتر پێکەوەبوون و تاووتۆی ئەو پرسانە و بابەتە گرینگەکانی دیکەی پێوەندیدار بە کێشەی کوردەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها حەول بدەین ئەوەی ئەمڕۆ بکەینە بنەمای دانیشتن، دیالۆگ و باسکردنی زیاتر لە دۆخێکی نەتەوەیی و زانستییانەدا بە مەبەستی نزیکتر بوونەوە لە ئامانجی ڕزگاریی گەلەکەمان.
هەموومان باش دەزانین، کوشتنی ژینا بەم شێوە نامرۆڤانەیە لە لایەن هێزێک کە دەبوو پارێزەری ئەمنییەتی هاووڵاتیان بێ، بووە هۆی هاتنە سەر شەقامی ژنان و لاوانی مافخوازی کورد کە زیاتر لە یەک سەدەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندگەرای تارانەوە سەرکوت دەکرێن. هەر زۆر زوو دروشمی ژن ژیان ئازادی بە سنوورەکانی کوردستان و ئێرانەوە ڕانەوەستا و بووە ڕەمزی خەباتی ژنانی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیای ئازادیشی هێنایە سەر خەت. بەڵام ئەم ڕووداوە و دروشمە پێشکەوتنخوازانەکەی کە لە خەباتی ئەو گەلە و کولتووری بنیاتنەرانەی کۆماری کوردستانەوە دەهات، بۆ گەلی کورد هەڵگری مانایەکی تایبەتیتربوو. چون ژینای کورد سیمبولی چەندین ستەمی هاوکات بوو.
ژینا وەک کچێک هەڵگری ستەمی ڕەگەزی، وەک کوردێک هەڵگری ستەمی نەتەوەیی، وەک سوننە مەزهەبێک هەڵگری ستەمی مەزهەبی و وەک کەسێکی خەڵکی ناوچەیەکی ناگەشەسەندووی ئێران هەڵگری ستەمی چینایەتی بوو. ئەم چواڕڕێیانە لە ستەمە جۆراوجۆرەکان لە لایەکەوە مەزڵوومییەتی ژینا، ژنی کورد و بە گشتی گەلی کوردی دەسەلماند و؛ لە لایەکی دیکەوە هۆکاری سەرەکیی گڕ و تینی زیاتری خەبات لە کوردستان بوو.
کورد بە پێچەوانەی ناوەند هاوکات شەڕی بۆ سڕینەوەی ئەو هەمووە ستەمە دەکرد و حەولەکانی زۆر مانادارتر و بنەماییتر بوون. بزووتنەوەی ژینا دیارترین نیشانەی بنەمایی بوونی خەبات لە کوردستان و ئاشکرابوونی وشیاریی نەتەوەیی کورد و خەباتە مەدەنییەکەی بوو کە لە چەند دەیە پێش ئێستاوە گەشە و نەشەی دەکرد و گەورە دەبۆوە. خەباتێک کە وێڕای ئەوەیکە مەدەنی، سەردەمیانە و کولتووری بوو، بەڵام گشت دروشمەکانی لە شاخ و خەباتی نەتەوایەتیی کورد بە درێژی چوار دەیەی ڕابردوو وەرگرتبوو. لە ڕاستیدا بزووتنەوەی ژینا سەلماندی خەباتی شاخ و شار چەند مانادار لێک گرێ دراونەتەوە و هەموو حەولەکانی ڕێژیم بۆ لێکدابڕینی ئەم دوانەیە ناکام ماوەتەوە. گرینگتر ئەوەیکە ئەو نەوەیەی کە کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی کورد بە دەزگای زەبەلاحی پڕوپاگەندەوە دەیانویست هێما و شوناسە نەتەوەییەکەی لێ بستینن و زەین و بیری بە ئیدئۆلۆژیی دواکەوتوانە بشێوێنن، ڕێک ئەو نەوەیە بوو کە کۆماری ئیسلامیی تووشی شۆک کرد و هێنایە سەر لێواری ڕووخان.
لە کەس شاراوە نیە ئەمڕۆ ڕەوشتی پێشمەرگانە لە کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام، قوتابخانە و زانکۆ و دەمارەکانی ڕۆژهەڵاتدا جمەی دێ. منداڵانی کورد کە لە کولتووری خەباتی نەتەوایەتیی حیزبەکانیاندا فێری کوردایەتی و ملنەدان بوون، ئەمڕۆ بە سەردەمیانەترین شێوە خەریکن گەمە بە بەها و نۆڕمەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بزووتنەوەی ژینا، ڕێوڕەسمەکانی شەوی یەلدای کوردان، نەرۆزی خاکیپۆشان و هەموو بۆنە جیاوازەکان لە نێوخۆ نیشانەی بەرچاوی ئەم پیگەیشتووییەی خەباتی منداڵانی کوردە لە ڕۆژهەڵات. بێ هۆ نیە ڕێژیم هاوکات لەگەڵ گوللەبارانی خەڵکی سڤیل و مەدەنی هێرشی مووشەکیی کردە سەر حیزبی دێموکڕات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات؛ چون ڕێژیم لە لێکگرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ دەترسا و پێی وابوو بە گوولەبارانی شار و مووشەکبارانی شاخ دەتوانێ کولتوورێک کە کورد لانی کەم هەشتا ساڵە خۆی پێ تەیار دەکا بەو شێوەیە بسڕێتەوە.
نابێ لە بیرمان بچێ ناوەندی هاوکاری کە یەک لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی هاوکاری و هاودەنگیی کورد لە ڕەوتی ئەو خەباتە بوو، توانی ڕۆڵێکی بەرچاو هەم لە نێوخۆی کوردستان بگێڕێ و هەم جێگە و پێگەی کورد لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا قایمتر بکات. نەخشی ناوەند لە ڕێنمایی و پێشەنگایەتیی بزووتنەوەکەدا و ڕێکخستنی مانگرتنە کەموێنەکانی کوردستان هەموو ئەو نیشانانەن کە ئەوەمان پێ دەڵێ: پێکەوەبوون و هاودەنگیمانە کە دەتوانێ ڕێنیشاندەر و هاوکات کاریگەر و هەوێنی سەرکەوتن بێ.
کاتێک کە یەکریزی و موشارەکەتی ئەحزاب و لایەنە سیاسی و رێکخراوە مەدنییەکان پێکەوە دەبیندری و دەست لە نێو دەستی یەک ، هەنگاو لە بەرژەوەندی گەلەکەمان هەلدێننەوە ، گرو تینێکی تایبەت دەدرێ بە خەلکی نێوخۆی کوردستان . ئێمە ئەم رەنگدانەوەمان لە بانگەوازی مانگرتنی ناوەندی هاوکارییە حیزبە کانی کوردستانی ئێران بینی کە چۆن ژنان و لاوان، ماموستایان، زانایان، هۆنەرمەندان ئاکادێمیسیەناکان ، قوتابی زانکۆکان ، کەسایەتی و کاسبکاران و بازاریان و هەموو چین و توێژی کۆمەلگا بە شێوە تایبەتی خۆیان لە دەرخستنی هونەری ئێعترازیان هەلوێستێکی پیرۆزیان گرت کە لاپەرەیەکی پرشنگداری دیکەی لە خەباتو هەلوێست لە بە مێژووی کوردەواریدا تۆمار کرد. هەر وەک چۆن سێ سال لەمەوبەر سپاس لەم هەلوێستە پیرۆزە کرا، ئیستاش دوای تێپەر بوونی سێ سال و لە داهاتووش دا ئەم هەلوێستە جێگای رێزو پێزانییە و هیوادارین نموونەیان زۆر و هەردەم بەردەوام بێت.
گڕوتینی بێوێنەی شۆڕش لە شارەکانی کوردستان و درێژەداربوونی مانگرتنەکان دۆخی کوردستانی گۆڕی و بووە هۆی ئەوەیکە بەشێکی زۆری گەلی کورد لە نێوخۆ چاوەڕوانی چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆ بکەن و پێیان وابوو کە ئێستا کاتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆماری ئیسلامییە. لە ڕاستیدا لە لایەک ئەوە داواکارییەکی مەشڕووع و بەجێ بوو، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە هۆی لاوازبوونی شۆڕش لە ناوەند و ناوچەکانی دیکەی ئێران جگەلە بەلووچستان، وای کرد حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر بنەمای تەحلیلێکی واقعبینانە بۆ پاراستنی گیان و کیانی خەڵکی کورد ئیزن نەدەن کۆماری ئیسلامی حوزووری پێشمەرگە بکاتە بیانووی ڕەشەکوژی و وێرانکردنی کوردستان.
دیارە بزووتنەوەی ژینا بە چەندین هۆکار کە سەرکوتی بێبەزەییانەی ڕێژیم گرینگترینیان بوو نەیتوانی وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بە ئامانجە گشتییەکانی خۆی بگا، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ مافی ژنان توانی پاشەکشە بە حکوومەت بکات و ئێستا ژنانی ئێران لە باری ئازادییەکانی تاکەوە ئازادترن، کەواتە دەرسی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە کە هێزی گەل دەتوانێ هەنگاو بە دیکتاتۆری و ملهوڕی شل بکات و هەرکاتێک جەماوەر لەسەر داواکانیان سوورتر بن؛ دەستکەوتیان زیاتر دەبێت.
ئێستا پاش ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی کە دوای بزووتنەوەی ژینا، ٧ی ئۆکتۆبر و شەڕی ١٢ ڕۆژە بەسەر دۆخی ئێران و کۆماری ئیسلامیدا هاتوە، پرسیارگەلێکی زۆر ساز بوون لەسەر توانایی بەرگری و دەوامهێنانی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو. ئەو ڕووداوانەی کە بۆ ئێمەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد ئەو بەرپرسیارەتییە ساز دەکات کە بیر بکەینەوە لە کوێی ئەو ڕووداوانەدا ڕاوەستاوین و ڕۆڵ و کاریگەریمان لە داهاتووی ئێران و کوردستاندا دەبێ چۆن بێ؟
ئایا ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە خۆمان لەگەڵ داواکارییەکانی جیلی زێد و ئاڵفا ڕێک بخەین و هاوکات لەو سەرمایە بەهێزەی ئەوان بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کوردستان و ئێراندا کەڵک وەرگرین. چۆن لەگەڵ ئەم نەسلە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی خەباتی فرەرەهەندی و بە لێکتێگەیشتن بەرەو ستراتیژی تایبەت هەنگاو هەلێنینەوە کە بتوانێ بەردەوام بێت. چۆن و کەی و لە چ کات و ساتێکدا ڕێبەریی پلان و ستراتیژیی تایبەت بە دوخی ئیستا و داهاتووی ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. ئایا ئێمە بە شێوەیەکی ستراتیژیک توانیومانە وڵامدەری کۆمەڵگەی ئێستای ڕۆژهەڵات بین؟ ئایا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تەنیا کاری نەتەوەی کوردە، یا نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش؟ ئایا ئەوە تەنیا کاری یەک حیزبە یا هەماهەنگی و پلانی هاوبەش و تۆکمەی حیزبە سیاسیەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش؟ بۆیە پێویستە بەرفراوانتر و دوورتر بڕوانین، بە تایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم سێ ساڵە و وەزعی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها ڕوانگەی دونیا بە نیسبەت ئیران لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ناوکی و قەیرانخوڵقێنەکانی دیکەی ئەویش دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە.
ئێمە لەو بڕوایەداین؛ دۆخی ناوچەکە دەتوانێ هەم دەرفەت بێ و هەم هەڕەشە. دەرفەت؛ چونکە هاوپەیمانییە گۆڕاوەکان دەتوانن دەروازەیەکی نوێ بکەنەوە بۆ بیستنی دەنگی کورد و کورد ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر. هەڕەشە؛ چونکە هەر هەڵسەنگاندنێکی هەڵە دەتوانێت بزاڤی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بکاتە ئامرازێک بۆ ڕکەبەریی زلهێزەکان. خوێندنەوەمان بۆ سیناریۆکان کە وەک دەرفەت و هەڕەشە لەسەر ڕێگامانن دەتوانن ئەو ئیمکانە بە ئێمە بدەن کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و واقعبینانە مودیرییەتی دۆخەکە بکەین و ڕێبەرێکی سەردەمیانە و سەرکەوتووی گەلی کورد بەرەو دەستەبەربوونی مافەکانی بین.
ئەوەی وەک حیزبەکان لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی حیزبیدا و چ وەک ناوەندی دیالۆگ چاوەڕوانیمان لێدەکرێ، ئامادەیی مەیدانی و خۆ تەیارکردنە بۆ هەر ڕووداو پێشەهاتێک بە دەرفەت و هەڕشەکانیەوە، بە هەماهەنگی و کۆدەنگی وەک بەرەی کوردستانی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزۆسیۆنی سەراسەریدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە درێژایی هەشتا ساڵ خەباتی بێ وچان و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا و تا ئێستاش هەوڵی دەستنیشانکردنی دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورردی داوە و بەرانبەر بە هەر جۆرە پاوانخوازییەک بۆ سەر کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی ڕاوەستاوە. حیزبی دێموکڕات باوەڕی وایە پێکهێنانی یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردستانییەکان لەگەڵ یەکتر و، دواتر پێکەوە لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەو هەنگاوە زەروورییەیە کە دەتوانێ ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دەستەبەر بکات. بۆیە هەوڵ دەدەین لە هەنگاوی یەکەمدا نێو ماڵی کورد ڕێک بخەین و هەنگاوی بەکردەوە بۆ یەکگرتوویییەکی ئیستڕاتیژیک هەڵینینەوە و دواتر بە یەک گوتاری هاوبەشی کوردانەوە لەگەڵ سەرجەم ئێرانییە دێموکڕاتەکان بۆ هێنانەسەرکاری سیستمێکی پلۆرالیست و فیدرالی لە سەر بنەمای دێموکڕاسیەکی گشتگیر حەولەکانمان چڕ دەکەینەوە. بەڵام پێویستە بۆ بە کردەوەیی کردنی ئەم پلانە، هەڵگری وتارێکی شوناسخوازانە بین کە بە دروستی نوێنەرایەتیی تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد و کەڵکەڵەکانی کۆمەڵگەی پێگەیشتووی کوردستان بکات.
لە کۆتاییدا وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بزووتنەوەی ژینا، سڵاو دەنێرین بۆ زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە کە تا ئێستاش بە بۆنە و بیانووی جۆراوجۆر، بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ڕێژیم ڕاوەستاون و یادی شەهیدەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان بە زیندوویی هێشتۆتەوە.