کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاژ فڕێدان لە کاتی گیانەڵڵادا!

20:51 - 7 رەزبەر 2725

ڕەزا دانشجوو

لە ڕوانگەی حکوومەتە تاکڕەوەکانەوە، ئایدۆلۆژی هەمیشە دوو ئەرکی جیاوازی هەبووە. هەندێک جار ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردن، خنکاندنی دەنگی نەیاران و دژبەران و هەندێک جار ئامرازێکە بۆ خۆنواندن، پڕوپاگەندە و سەرنج ڕاکێشانی خەڵک! لە ڕاستیدا دیکتاتۆرەکان لە کاتێکدا خەریکی سەرکوت، زیندانیکردن و لە سێدارەدانی بەشێک لە کۆمەڵگان, لە هەمان کاتدا بانگهێشتی کۆمەڵگا دەکەن بۆ یەکبوون و یەکگرتوویی و پێکەوەژیان! دژایەتی لە سیستەمێکی سیاسی داخراو وەک کۆماری ئیسلامیدا کێشەیەکی هەمیشەیی چارەسەرنەکراوە! بە واتایەکی تر دەبێت بگوترێت کە کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا مانەوە و بەردەوامیی خۆی لە بوونی ئەو دژایەتییانەدا دەبینێت! بۆیە هەرگیز ناتوانرێت لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ نەتەوە و ئایین و پەیوەندی نێوانیان بخرێتەڕوو! حکوومەتی ویلایەتی فەقێهـ کە لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنیدا کێشەیەکی بنەڕەتیی لەگەڵ وشەی نەتەوە و میللەت هەبوو و وەک وشەگەلێکی بێمانا و دروستکراویی ڕۆژئاوا سەیری دەکرد و بەردەوام خۆی بەشێکی سەرەکی لە شارستانییەتی ئیسلامیی لە ژێڕ ناوی" ئوممەت ئیسلامی" پێناسە دەکرد، لە ساڵانی دواتردا نیشانی دا کە هەرکاتێک پێویست بێت وەک ئامرازێکی کاتی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و چەواشەکاری، کەڵکوەرگرتن لە تاقمێک بابەتی پەیوەست بە نەتەوە و ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تەواو ڕێگەپێدراوە!

گەمەکردن بەم بابەتە لە کۆماری ئیسلامیدا مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە و وەک باس کرا، ڕێژیم لە کاتی پێویستیدا لەم دووانە دژبەرە وەک ئامرازێکی کاریگەر کەڵکی وەرگرتوە! ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژینا کە لە ڕاستیدا بوو بە دەسپێکی مێژوویەکی تازە لە خەباتی گەلانی ئێران دژی ڕژیم لە لایەک و خەسارەکانی جەرگبڕی شەڕی دوانزە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێی پڕوپاگەندە و کەڵک وەرگرتنی ئامرازیی لە  چەمکەکانی وەک ناسیۆنالیزم و نیشتیمانپەروەری! ڕەنگە خاڵی وەرچەرخانی ئەم گۆڕانکارییە سیاسی وکۆمەڵایەتییە، داخوازیی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی, دوای ئامادەنەبوون و خۆحشاردانێکی درێژخایەن، لە کۆڕێکی بەرپرسانی ڕێژیم لە مەداحێکی سەربە دەسەڵات بۆ پێشکەشکردنی سروودی "ئەی ئێران" هەژمار بکرێت. داواکارییەک کە بە تەواوی بە ئەنقەست لەلایەن مەداحیی سەر بە ڕێژیم  و دواتر لە لایەن ئامێری پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا گەورە کرایەوە و بانگەشەی بۆ کرا!! حکوومەتێک کە ساڵانێک خۆی بە ئوممەتی ئیسلامی و تاکە وڵاتی شیعە لە جیهاندا ناو دەبرد، لەناکاو لە دەمی ڕێبەری خۆبەزلزان و ساختەی موسڵمانانی جیهان! بوو بە ئیران و نیشتیمان!!

لە ڕاستیدا ئەمە یەکەم نیشانەی پلانی نوێی دەزگای پڕوپاگەندەی و تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی بوو لە پەنابردن بۆ ناسیۆنالیزمی ناڕوون و دووفاقی بە ناوی ئیرانی و نیشاندانی کرانەوەی فەزای کۆمەڵایەتی لە ئێراندا. کەڵکوەرگرتن لە چەند کەسایەتییەکی ناوداری تەلەفزیۆنی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا پەراوێز خرابوون و بانگهێشتی بەشێک لە گۆرانیبێژان و هونەرمەندانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کە ساڵانێکە نەتەنیا لە هەر چەشنە کاری هونەری لە ئێران پەراوێزخراون بەڵکو تەنانەت هاتنەوەیان بۆ ئیران قەدەغەیە، قۆناغێکی دیکەی ئەم پلانە فرە چینەیی ڕێژیمە. ئەو وێنەیەی کە دەیەوێت نیشان بدات کە هەموو شتێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئاسایی و ڕێگە پێ دراوە! سازدانی کۆنسێرتێکی گەورە لە گۆڕەپانی ئازادی تاران لەلایەن هونەرمەندێکی ناسراوەوە، کە دوای دەبڕینی ناڕەزایەتییەکی زۆر لە لایەن بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە و هەڵبەت لە کۆتاییدا بە هۆی ترسی ڕژیم لە ئەگەری ڕووداوێکی نەخوازراو و کێشەی ئەمنیەتی هەڵوەشایەوە، بەشێکی دیکەی پلانی ڕێژیمە بۆ ئاسایی نیشاندانی دۆخی قەیراناوی وڵاتە ! ئێستا لە سەروبەندی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا، چڕی ئەو ڕێوشوێنانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە! بەڕێوەچوونی چەندین کۆنسێرت و فێستیڤاڵ لە ماوەی ڕۆژانی نزیک لە ساڵوەگەڕی شۆڕش و تیشک خستنە سەر کۆمەڵێک بابەتی پەراوێزیی بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە واقیعەکانی کۆمەڵگە لە ساڵیادی سەرکوتکردنی خوێناوی شۆڕشی ژینادا، هەوڵێکی بێ ئومێدانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کێشە بێشومارانەیە کە یەخەی وبەرۆکی ڕژێمی گرتووە!!

لە پەراوێزی ئەم پلانە فرەچینەیەدا، دەبێت ئاماژە بە بەکارهێنانی بەربڵاوی پڕوپاگەندەی پلان بۆ داڕێژراو لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بکرێت! کاتێک ڕێژیم لە ڕێگەی کۆمەڵێک بلۆگەر و کەسایەتیی ناسراوی ڕازاوە و شیک بە جلوبەرگی جوان و خاوەن سەرنج کە بەهەڵکەوت زۆربەیان ژنن و هەڵبەت بێ حیجاب تێدەکۆشێت کە بە ڕوانگەیەکی دیماگۆژی و بە ڕواڵەت دژە حکومەت، بە هێنانەگۆڕی تاقمێک بابەتی لاوەکی یان بەلاڕێدابردنی ڕاستیەکان پاکانە بۆ ڕێژیم بکرێت و جنایەتەکانی لە ژێر ناوی نیشتیمانپەروەری پەردەپۆش بکرن!

واقیعەکە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی پێنجەمی حوکمڕانیدا، نە چیتر دەتوانێت چاوپۆشی لەو دژایەتییانە بکات کە بەرهەمی خۆیەتی و نە دەتوانێت بەبێ ئەوان زیندوو بمێنێتەوە! هەڵبژاردن، یان باشتر بڵێین دانانی مەسعود پزیشکیان و پەنابردنی دووبارە بە گەمە و کارتی سووتاوی ڕیفۆرمخوازی، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ شەیتانی گەورە و ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، جەختکردنەوە لەسەر تاقمێک بابەتی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم و پێدانی هەندێک ئازادیی کۆمەڵایەتی، ئەگەر نیشانەی گۆڕانکارییەکی ڕوون لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا نەبێت، دەتوانێت جۆرێک لە پێست گۆڕینی بێدەنگ بێت لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا!

تازەترین قسەکانی خامنەیی کە دەڵێت سیاسەتی "نە شەڕ، نە دانوستان" ئیتر وەڵامدەرەوەی هەلومەرجی ئێستا نییە، بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ قووڵایی نیگەرانی دیکتاتۆری پیری تاران سەبارەت بە دۆخی ڕێژێمی وەلایەتی فەقێهة! لە هەلومەرجێکی وادایە کە کۆماری ئیسلامی بیر لە ڕەنگ گۆڕین و پێست خستن و خستنەڕووی وێنەیەکی نوێ لە خۆی دەکاتەوە! هەڵبەت ئەگەر جەستەیەک مابێت و کەسێک باوەڕی بەم گۆڕانکارییە هەبێت! ئەم بزووتنەوە مەزن و گۆڕانکارییەی جیاوازەی کە لە شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ڕاستیدا بۆ یەکەم جار و بە شێوەیەکی سەراسەری تیشکی خستە سەر ڕێبەری ڕژێم و لەنێوبردنی تەواوی دەسەڵاتی وەلایەتی فەقێە، هەموو پەردە و دیوارەکانی لابرد و دیوی شاراوە و کەمتر بیندراو و واقیعی دەسەڵاتی تاوانکار و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کرد. لە ڕاستیدا ئەم ڕاپەڕینە مەزنە کە تێکڵاوی ئەوپەڕی سۆز، تێگەیشتن و وشیاری بوو هیچ شەرەف و ئابڕوویەکی بۆ ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی نەهێشتەوە!

ڕاستی ئەوەیە کە پرۆسەی کاژ فڕیدان و هەوڵدان بۆ زیندوومانەوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە بۆ جەستەی لاواز و نەزاری کۆماری ئیسلامی جگە لە "یاسین خوێندن" و داوای لێبوردن لە خەڵک هیچ ڕێگایەکی تر نەماوە! کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی گەلانی ئێران لەمێژە مردووە و تەنیا کات و شۆنی ناشتنی ڕەنگە کەمێک دواکەوتبێت!