
١٩ بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، بەبۆنەی بەرزراگرتنی یادی هاوبەندیی گیانلەدەستداوی خۆیان، سومەیە ڕەشیدی، دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە، وڵامدەرنەبوونی ئەو بەرپرسانە لەهەمبەر داخوازییەکانیان و ڕێگری لە ڕاگواستنیان بۆ بەندیخانەی ئێڤین، بۆ ماوەی دوو ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، مانگرتنی ئەو ژنە سیاسییە بەندکراوانەی بەندیخانەی قەرچەک، لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەرەوە دەستی پێ کردووە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بووە.
هەروەها لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگرتنی بەندکراوانی سیاسیی ژن لە بەشی دابڕگەی بەندیخانەی قەرچەک نیگەرانیی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
هەڵسوکەوتی ملهوڕانە، تونداژۆیانە و سەرەڕۆیانە و هێرشی گاردی بەندیخانە بۆ سەر بەندی ژنان، پێڕانەگەیشتن بە دۆخی بەندکراوانی نەخۆش و سەرنجنەدان بە دۆخی تەندروستیی گشتیی ئەو ژنە بەندکراوە سیاسییانە، هۆکاری سەرەکیی مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوانەی بەندیخانەی قەرچەکە.
سومەیە ڕەشیدی بەندکراوی سیاسیی ٤٢ ساڵە و کرێکاری کارگەی دوروومان کە لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤دا بەهۆی نووسینی دروشم لە تاران دەسبەسەر کرابوو، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەردا و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە کۆما، گیانی لەدەست دا.
هەر لەو پێوەدنییەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی دوو ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع، داوای داخستنی یەکجاریی ئەم بەندیخانەی کردبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بەندیخانەی قەرچەک، جەهەنەمی ژنان و منداڵان"، سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندیخانەیە هۆشداریی دابوو و ئەو شوێنەی بە یەکێک لە ناشیرینترین هێماکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناو بردبوو.