کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو مێژووی هێزی پێشمەرگە شیاوی ڕێزلێنانە

13:32 - 15 خەرمانان 2725

هەردی سەلیمی

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە پارکێکی گەشتیاریی پاریس ڕێڕەوێک بە ناوی پێشمەرگە کرایەوە. ئەم هەوڵەی شارەداریی شاری پاریس و بەگشتی دەوڵەتی فەڕانسە دەبێ بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە لێی بڕوانرێ، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتی وەک کورد کە یەکێک لە هێما و سەمبولەکانی خەباتی نەتەوایەتییەکەی لە ئاستێکی جیهانی‌دا یادی لێ کراوەتەوە، بایەخێکی زۆری هەیە.

با بەکورتی ئاوڕێک لە مێژووی دامەزرانی هێزی پێشمەرگە و چییەتیی ئامانجی ئەم دامەزراندنە بدەینەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوو دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆرتر لەوەش مان و مەوجوودیەتی ئەم نەتەوەیە بپارێزێ، بۆ ئەم مەبەستەش سپای میللیی کوردستانی دامەزراند کە ئەم سپایە بە هێزی پێشمەرگە ناو براوە. هەر بەم پێیە هۆکاری بوونی ئەم هێزە کوردییە لە یەکەم ڕۆژی لەدایک‌بوونیەوە هەتا ئێستاش کە هەشت دەیە لە تەمەنی تێپەڕ دەبێ، هەمان پاراستنی دەسکەوتەکان و پاراستنی مانی نەتەوەی کورد بووە.

دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنی ئەم هێزە لە چوارچێوەیەکی مۆدێرن و نیشتمانی و سیاسی‌دا لەسەر دەستی ئەم حیزبە لەو سەردەمەدا کە چەکداری کورد لەلایەن دژبەرانیەوە بە "چەتە" و "ڕێگر" ناو دەبران، گرنگیی بابەتەکە پتر دەردەخات. ئەوە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی نەتەوەی کورددا کە چەکدارێکی کورد هەستی ئەمنیەتی دەگواستەوە بۆ هاونیشتمانییەکانی خۆی، چەکدارێکی بەپرەنسیپ و بەرپرسیار بوو و هەوڵی دابین‌کردنی ئاسایشی خەڵکی دەدا نەک هۆکارێک بێ بۆ گواستنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، ئەم لایەنە لەلای کاربەدەستانی کۆماری کوردستان هێندە گرنگ بووە کە تەنانەت لە ڕۆژنامەی کوردستان‌دا ڕاگەیەندراویان بڵاو کردووەتەوە لەمەڕ ئەوەی هیچ کەسێکی چەکدار بۆی نییە بە چەکەوە لە نێو شارەکان‌دا هات‌وچۆ بکات. هەر بۆیەشە لەو کاتەوە هێزی پێشمەرگە کە پارێزەری نیشتمان و دەسکەوتەکانی بوو، هەستی دڵنیایی و پارێزراوی و باوەڕبەخۆیی بۆ تاکی کورد گواستەوە.

ئەم دەسکەوتە مەزنەی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان زۆر زوو پەلی بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش کێشا و لە ڕەوتی خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەی کورددا بووە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر. لەمەبەدوا لەگەڵ ئەوەی خەباتی نەتەوەی کورد جەماوەریتریش بوو، بەڕوونی تێکۆشەری کورد لەژێر ناوی پێشمەرگەدا خەباتی بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی دەکرد، هەر بۆیە ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملووش دەڵێ: "ڕاستە سەرمایەی هەرە گەورەمان پشتیوانیی گەلی کوردە، بەڵام هێزی پێشمەرگەش لەو گەلە جیا نییە و لە ڕاستی‌دا باس لە یەکگرتووییی خەڵک و پێشمەرگە دروست نییە."

ڕوو لە دنیای دەرەوەش حیزبی دێموکرات لە یەکەم ڕێکخراوەکان بوو کە خەباتی ئەم نەتەوەیە و باسکی چەکداری ئەم خەباتەی وەک پێشمەرگە بە ڕای گشتیی دەرەوەی وڵات ناساند، پزشکانی بێ‌سنووری ئەم فەڕانسەی ئێستا بوو کە لە نزیکەوە و لە سایەی هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نزیکەوە هێزی پێشمەرگەیان ناسی و لە شاخ و دوندەکانی کوردستان بۆ خزمەت بەو پێشمەرگانە گیرسانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ وڵاتی فەڕانسە کردی، پاشخانێکی مێژووییی هەیە؛ لە یەکەم کەسایەتییە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد کە توانیی لەگەڵ کاربەدەستانی فەڕانسەیی و بەدیاری‌کراوییش "فرانسۆ میتران"ـی سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە، دیدار بکات و دۆزی کوردی پێ بناسێنێ، شەهید دوکتور قاسملوو بوو.

وێڕای ئەوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماتیکانەی ئێستا بەرز دەنرخێنین، بەڵام نابێ ئەم ڕاستییە لەبیر بکەین کە پێویستە ڕێز لە هێزی پێشمەرگە وەک پارێزەرانی شوناس و نیشتمان و خەباتکارانی ڕێی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانی نەتەوەیەک بگیرێ، نەک تەنیا ڕێز لە ڕەهەند و قۆناغێکی پێشمەرگە بگیرێ کە هاوتەریب لەگەڵ ویستێکی جیهانی‌دا خەباتی کردووە، بەڵکوو دەبێ سەرانسەری مێژووی خەباتی ئەم هێزە بە ڕێزەوە چاوی لێ بکرێ؛ چون هێزی پێشمەرگە هەرگیز لە تەمەنی پڕ لە شانازیی خۆی‌دا هێزێکی تێرۆریست و پرۆکسی و بەکرێ‌گیراو نەبووە، بەڵکوو تەنیا لە پێناو ویست و بەرژەوەندییە ڕەواکانی نەتەوەی خۆی‌ و هەروەها دەستەبەرکردنی بەها مرۆیییەکان‌دا خەباتی کردووە.