کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شیرازەوە تا ئەراک؛ شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی ئێران بەردەوامە

16:33 - 10 خەرمانان 2725

هەواڵدەری مافی مڕۆڤی "هێرانا"، ، بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، لانیکەم شەش بەندکراو لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەم سەرچاوەیە دوو بەندکراو لە بەندیخانەی عادڵ‌ئاباد لە شیراز و دوو بەندکراوی زیندانی زاهێدان، بەندکراوێک لە زیندانی هەمەدان و بەندکراوێكی دیکە لە زیندانی ئەراک لە سێدارە دراون.

جێگەی ئاماژەیە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە کە لە شیراز لە سێدارە دراون "ئیسماعیل دێلاوەر" و "ئارمان ڕەیحانی"یە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن بەند کرابوون و لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها دوو بەندکراو لە زیندانی زاهیدان لە سێدارە دراون کە ناسنامەی یەکێکیان بە ناوی "حەمەد بەراهوویی" لەلایەن هەواڵدەریی "هێراناوە" پشتڕاست کراوەتەوە.

شایەنی باسە لەبەندیخانەی هەمەدان حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بەناوی "عەلی یاوەری" جێبەجێ کرا کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بەند کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای تاوانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

لە زیندانی ئەراک، بەندکراوێکی دیکە بە ناوی "جاسم نەورۆزی" کە بە تۆمەتی هاوشێوە لە دۆسیەیەکی ماددەی هۆشبەردا دەسبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە سێدارە درا.

هەواڵدەریی هێرانا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێشتا لەسێدارەدانی بەشێک لەو بەندکراوانە لەلایەن میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراوە. بە لەسێدارەدانی ئەو شەش کەسە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، لانیکەم ٨٥٦ کەس بووە.