کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی زانستی، تەشکیلاتی لە دانمارک

23:58 - 16 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ١٥ خەرمانانی ١٤٠٤(٦/٩/٢٠٢٥) سێمینارێکی زانستی، تەشکیلاتی لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە  ناوچەی شیلەند، بۆ بەڕێزان "ڕێژەن ئازاد" و "ڕەشید قازی"،  لە شاری کۆپێنهاگ لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن کاک مەسعوود نادر، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی شیلەندەوە بەخێرهاتنی بەڕێزانی کۆڕگێر و میوانانی بەشدار کرا.

پانێلی یەکەمی سێمینار لەژێر ناوی" تەشکیلات و ڕێکخستنی مۆدێڕن، حیزبە سیاسییە ئورووپاییەکان" لەلایەن ڕێژەن ئازاد، ئەندامی چالاکی حیزبی کۆنسێرواتیڤی دانمارک و ئەندامی لێژنەی دادگای پێداچوونەوەی کۆپێنهاگ، بەڕێوە چوو.

ناوبراو باسەکەی لە سێ تەوەری مێژووی حیزبە سیاسییە ئورووپایی و دانمارکییەکان،   چوارچێوە و شێوەی کاری پارتە سیاسییەکان لە ئورووپا، دانمارک و کوردستان و ڕۆڵی تاکی کورد لەنێو پارتە سیاسییە دانمارکییەکاندا، شرۆڤە کرد.

پانێلی دووهەمی سێمینارەکە لەلایەن کاک ڕەشید قازی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک و لەژێر ناوی" باشترین بژاردەی ئێستا و دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران" بەڕێوە چوو.

ناوبراو لە باسەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا،  باسی دەرفەت و ئەگەرەکانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانی کرد و پێداگریی لەسەر یەکگرتوویی و یەک‌هەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکانی کورد بە دەستپێشخەریی حیزبی دێموکرات کرد.

بەڕێزیان هەروەها هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە غەیرە کوردییەکانی لەسەر بنەمای پاراستنی یەکڕێزی و دەستەبەرکردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد، بە باش و پێویست زانی.