کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک له شاری هامبۆرگ

10:39 - 17 خەرمانان 2725

ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤(٦/٩/٢٠٢٥)، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زیندانییانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی دڵسۆز و هەروەها بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی گەلەکەمان بەبەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو له ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هامبۆرگی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له ڕۆحی پاکی شه‌هیدانی گەلەکەمان دەستی پێ کرد.

کاک شەهریار نەقشبەندی، لە دوای بەخێرهاتنی بەشداربووان لە وتارێکیدا گرینگیی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ستەم و تاوان و کاولکارییەکانی ئەو ڕێژیمە له ناوخۆی وڵات و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەگشتی هەموو جیهانی خستە بەرباس و وتی: ئێمە وەک هەمیشە لێرەدا کۆ بووینەتەوە کە دەنگی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان به تایبەتی و ئێران بەگشتی بەرز بکەینەوە. ئەو دەنگەی کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی دوورودرێژه خەباتی بۆ ئازادی و یەکسانی و دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین کردووە و هەزاران ڕۆڵەی گەلەکەمان گیانی پاکیان فیدای ئەو ڕێگایە کردووە.

پاشان کاک ئیبراهیم عەزیززادە پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە. پەیامەکە ئاماژەی به دژایەتیی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە و بەدرێژایی تەمەنی نگریسی بەرانبەر گەلی کورد کرد.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد که ئەو ڕێژیمە ڕەوایی خۆی لە بواری سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەدەست داوە و لەوپەڕی لاوازی و شکستدایه و وەک نموونەیەکی زەقی سیستەمێکی تۆتالیتاری دیکتاتۆر تەنیا هۆی مانەوەی، هێزی سەرکوت و داپڵۆسین و بێدەنگکردنی خەڵکە.

پاشان خاتوو پەریسا کەمانگەر پەیامی حیزبی دێموکراتی به زمانی فارسی خوێندەوە .

کاک زانا ئەحمەدی شێعرێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و هەروەها کاک کاوە ئاریان پەیامێکی به زمانی ئاڵمانی خوێندەوە کە لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە له وڵاتی ئاڵمان ئامادە کرابوو.

کاک یەدوڵڵا بەلەدی لەلایەن حیزبی چەپی ئێرانەوە دوای دەربڕینی برایەتی و هاوکاریی ئەو حیزبه لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات، ئاماژەی به خەباتی قارەمانانەی گەلی کورد بۆ ئازادی و دێموکراسی کرد و وتیشی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە دوژمنایەتیی خۆی دژ به گەلی کورد ئاشکرا کرد و به فتوای خومەینی ڕشتنی خوێنی کوردی ڕەوا کرا کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، بەڵام کورد تا گەیشتن بە ئامانجەکانی لە خەبات کۆڵ نادات.

ناوبراو دواتر سروودێک و پەخشانێکی به زمانی کوردی پێشکەش به ئامادەبووان کرد.

هونەرمەندانی بەتوانای حیزبی دێموکرات کاک محەمەد تاهۆ و کاک ڕافا سەرڕووت لە بڕگەکانی خۆپیشاندانەکەدا چەند سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

بە درێژایی خۆپیشاندانەکە چەندین دروشم به زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی بەرز کرایەوە.