کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکرانی ٩٢٦ سێدارە لە کوردستان لە ماوەی ١٤ ساڵدا

12:33 - 19 رەزبەر 2725

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە ڕاپۆرتێکی ئاماریی لە دۆخی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و کوردستان بڵاو کردووەتەوە کە نیشانەی بەربڵاوبوونەوەی جێگای نیگەرانیی ئەم سزایە لەلایەن کۆماری ئیسلامییە.

بەپێی داتاکانی ئەم ناوەندە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ی زاینییەوە هەتا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، بەگشتی ٨ هەزار و ٢٦٠ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە ٩٢٦ کەسیان  کوردن.

لە نێوان ئەو ساڵانەدا، ساڵی ٢٠٢٥ ڕێکۆردی سێدارەکانی شکاندووە و کۆماری ئیسلامی تەنیا لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵەدا، هەزار و ١٠٤ حاڵەتی سێدارەی لە ٧٥ بەندیخانەی سەرتاسەری ئێراندا، جێبەجێ کردووە.

کوردپا نووسیویەتی زیاتر لە ٩٤ لەسەدی سێدارەکان لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمەوە ڕانەگەیەندراون و ٦٣ لەسەدیش بە شێوەی بەکۆمەڵ جێبەجێ کراون.

بەپێێ داتاکانی کوردپا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر ٥٤٧ حاڵەت، کوشتنی بەئەنقەست ٤٨٢ حاڵەت، دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ کوشتن ٢٣ حاڵەت، موحاربە لە ڕێگەی دزیکردنی چەکدارانە ٧ حاڵەت، ئەندامەتی لە گرووپە توندئاژۆکان مەزهەبییەکان ١٤ حاڵەت، بەندکراوانی سیاسیی ٢٤ حاڵەت، بەندکراوانی عەقیدەتی یەک حاڵەت، منداڵان ٤ حاڵەت، ژنانی لەسێدارەدراو ٣٠ حاڵەت و لەسێدارەدران لە بەر چاوی خەڵکەوە ٦ حاڵەتی ئەم لەسێدارەدانانەیان لەخۆ گرتووە.

لە نێوان لەسیدارەدراوانی ئەمساڵدا، ١١٣ بەلووچ، ١١٠ کورد، ٥٧ ئەفغانستانی، ٢٢ عەرەب، ٦ بەختیاری، ٥ لوڕ، ٢ تورکمەن و یەک گیلکەک هەن.

لە ماوەی ١٤ ساڵدا، کۆماری ئیسلامی ١٠٢ بەندکراوی سیاسی لەوانە ٣٧ کورد، ٢٠ بەلووچ، ١٢ عەرەب، یەک تورک و ٣٢ بەندکراوی سیاسیی دیکەی لە سێدارە داوە لە ٢٤ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون.

 

لە پاڵ ئەمەشدا، لە ماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا، ٢٩ بەندکراوی عەقیدەتیش لە سێدارە دراون کە ٢٤ کەسیان کورد بوون.

جگە لەمەش، ٨٥ بەندکراو بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی وەک هێەرش بۆ سەر ڕژەی هێزە چەکدارەکان لە ئەهواز، دانانەوەی بۆمب لە چابەهار و ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان و داعش لە سێدارە دراون.

کوردپا ڕاپۆرتی داوە کە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا، ٢٩٠ کەس لە سێدارە دراون.

لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان بۆ قەدەغەکرانی لەسێدارەدرانی کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی واژۆ کردووە، ٥٠ منداڵ لەو ماوەیەدا لە ئێران لە سێدارە دراون.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا، ٢٢٥ ژنیش لە سەرتاسەری ئێراندا لە سێدارە دراون.