
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی کوردستان، دەسبەسەرکردنەکان، دەرکردنی سزای بەندکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییانی کورد کە گرتنگە و بەندیخانەکانی ڕێژیم، درێژەی هەیە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، دوو برای خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی موحسن گەردشی و حوسێن گەردشی بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە هێرشکردنە سەر ماڵ و شوێنی کاری ئەم دوو برایە دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
ئەم دوو برایە پێشتریش لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و موحسن گەردشی پاش چەند ڕۆژ ئازاد کرا و حوسێن گەردشیش پاش ماوەیەک سەبارەت بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم" بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بە حوسێن و موحسن گەردشی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕێکخراوە مافی مرۆڤی کوردستان باسیان لە مەحکوومکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "برایم ئاباد" سەر بە شاری بۆکان بە بەدنکران کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "سادق زەند" تەمەن ٣٤ ساڵ و محەممەد سلێمانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە میاندواو بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم هەرکامیان بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراون.
لەلایەکی دیکەوە بڕیاری دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵكی مەریوان لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیاری دەسبەسەرکرانی کەیۆمەرس ئەدوایی و مستەفا ئەدوایی لەلایەن لقی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەریوان بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.