
بەڕێزان، بەشداربووانی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
پێش هەموو شتێک بەبۆنەی گرێدانی کۆنگرەی ڕێکخراوەکەتان پیرۆزباییتان پێ دەڵێین و هیوادارین کۆنگرەکەتان بە سەرکەوتووی بەڕێوە بچێ و بەرنامە کارییەکانی بە ئاکام بگەیەنێ.
هەر وەک لە ئامانجە گشتییەکانی ڕێکخراوەکەتاندا هاتوە، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وەک زەروورەتێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی، بە مەبەستی ڕێکخستنی تویژی خوێندکاری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ کۆمەلێک ئامانجی بەرزی نەتەوەیی و بەهادار پێکهاتوە. بێگومان ڕێکخستن و بەڕێکخراوکردنی هێز و سامانی مرۆیی خوێندکارانی کورد ئەرکێکی پیرۆز و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. ڕێکخستنی وزەی پەنگخواردووی توێژی خوێندکاری کورد وێڕای بوونی بەرنامە و گۆتارێکی هاوبەش و پلانی بەرۆژ و درێژخایەنی رێکخراوەیی و دوا جار گرێدانی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتیەی ئێوە قوورستر و پڕبایەختر دەکات.
خوێندکارانی خەباتکار!
کۆنگرەکەتان لە هەلومەرجێکی نوێ و لە کەشێکی پڕ لە گۆڕانکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت. بە تایبەت کە جوغرافیای سیاسیی ئێران وەک پێکهاتەیەکی فرەنەتەوە و فرەکۆمەڵگە، لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژیناوە، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، قۆناغێکی نوێ لە ململانێ و خەبات و خۆڕاگری لە دژی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەزموون دەکات. قۆناغێک کە چین و توێژەکان، هەر کام بەگوێرەی پێگە و توانا و کاریگەریی خۆیان دەور دەبینن. شک لەوەشدا نیە کە لەم نێوەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان و خوێندکاران بەرجەستەترە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ، کۆنگرەکەتان بە لێکدانەوە و وردبینییەوە، خوێندنەوەی فرەڕەهەند بۆ هەلومەرجی ئاماژەپێدراو و هەروەها دۆخی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و کوردستان و بە گشتیی ڕەوتی ئەو گۆڕانکارییانە بکات کە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەشی فیکریی ئەم قۆناغە نوێیان خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە. ئەمەش گرێدراوی بوونی دیدێکی واقبینانە و هاوکات خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە کاروباری ڕێکخراوەیی یەکیەتییەکەتان و بەستنەوەی بە بەستێنی سەرەکیی کاروچالاکییەکانتانە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە.
لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیتر لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕەسالەت و شوێندانەری و تێکۆشانی خوێندکارانی کورد بۆتە نەریتێکی بەبایەخ و جێگرتوو، و مێژووی بزووتنەوەکە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. تەنیا وەک نموونە، ڕۆڵی شۆڕشگێڕانی وەک شەهیدان سمایل شەریفزادە و عەبدوڵڵا موعینی لە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ و هەروەها ڕێبەرانی شەهیدی وەک دکتور قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی، مێژووی لەخۆبوردوویی و گیانفیدایی ژمارەیەکی زۆر لە ئاکادیمیسییەن و خوێندکارانی شێلگیر و شۆڕشگێڕی کوردستانمان بیر دێنێتەوە. ئەم تێکۆشەرانە، لە پێگەی ئاکادیمی و زانکۆکانە، بە زانست و مەعریفە و ئەزموونی خۆیان، هاتوونەتە پشت بزووتنەوەکە و تێکەڵ بە خەباتی پێشمەرگانە و ژیانی ڕێکخراوەیی بوون و بە هەموو تواناوە خاوەندارێتییان لە بزووتنەوە و ئامانجە بەرزەکانی کردوە ولە ڕاستیدا بوونەتە ڕەمزی مانەوە و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان لەپێناو کورد و کوردستان و مافە نەتەوەییەکانمان.
بەشدارانی بەرێزی حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکاران!
زۆر گرینگە کە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە پەسەندکراوە و ڕاسپاردە و هەڵسەنگاندنەکانیدا، پێ لە سەر خۆڕێکخستنەوە دابگرێتەوە و بە ڕوانگەی نوێ و بەگوێرەی توانا و پێی دەرفەتەکان، ڕێکخستن و چالاکییەکانی لە ڕاستای ئامانجە باڵاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان ئاراستە بکات. زۆر گرینگە کە ئاسۆیەکی ڕوون لە تێکۆشان بۆ خۆی وێنا بکات و بە تێگەشتنێکی دروست و دەروەست، بە ڕوانگەیەکی کوردستانی و نەتەوەیی و ڕێزدانان بۆ جیاوازییە فیکری و سیاسییەکان، بە لەخۆگرتنی خوێندکاران، بەشێک لە خەبات و پرسی ڕەوای نەتەوەکەمان نوێنەرایەتی بکات.
بە سەرنجدان بەو ڕاستییە و، سەرەڕای ئەوەی دەرەتانێک بۆ چالاکیی سیاسی و بواری کاری ڕێکخستن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیە، بەڵام لە کوردستان ئاستی خواست و داواکاریی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکان لە چاو دەیەکانی ڕابردوو هەڵکشاوە و ویستەکانیان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران، ڕادیکاڵتر و نەتەوەییترە. ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزی گەشەی بیری نەتەوەیی و ڕزگاریخوازییە لەنێو توێژی خوێندەوار و خوێندکاری کورددا.
لەم دۆخە نوێیەدا، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بە هەموو هێز و لایەن و جومگەکانیەوە، نەک خۆی لە بەستێنە مێژوویی و لە ڕێبازە سیاسی و فکرییەکانی بزوووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دانەبڕیوە، بگرە هاوپەیوەندیی و هاوخەباتیی خۆی پتەوتر و بەهێزتر کردوە. هەر بۆیە لە لایەک ئەرک و لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکمان قورستر بووە و یەکیەتیی خوێندکارانیش دەبێ بە هەستیارییەوە لەم هاوکێشەیە بڕوانێت. ئێستا لە قۆناغێکداین کە هاوشان لەگەڵ ژنان و لاوان و توێژەکانی دیکە، چالاکانی خوێندکاری ڕێنیشاندەری جەماوەرن و لە زانکۆکاندا بوونەتە دەنگی دلێر و نوێنگەی ویست و خواستی نەتەوەیی. سەرەڕای ئەم ئاماژە دڵخۆشکەرە، سەرکەوتن لەم بوارەدا پەیوەستە بە بوونی هێزێکی مەیدانی و خاوەن بەرنامە کە بتوانێ وزە و هێز و هزری خوێندکارانی کورد وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەڵاڵە بکات و ڕێکی بخات. بۆ دەستەبەری ئەو ئامانجە پێویستە هزری سیاسی و زانستی تێکەڵ بە کاری مەیدانیی سیاسی و ڕێکخراوەیی بکرێت و بێگومان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەگوێرەی سروشت و کۆمەڵێک تایبەتمەندییەوە، دەتوانن لەم پێناوەدا یارمەتیدەر و شوێندانەر بن.
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە بەڕێوەچووونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی حەوتەمی ڕێکخراوەکەتانەوە پیرۆزبایی بە سەرجەم بەشدارانی کۆنگرە و ئەندامە تێکۆشەرەکانی ڕێکخراوەکەتان دەڵێین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
ڕەزبەری ١٤٠٤