
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعیران و ئەدەبدۆستان، کۆڕێکی شێعری بە زاراوەی کوردیی خواروو بۆ شاعێران "کاوە خوسرەوی" و "سارۆ خوسرەوی" لە بنکەی چاپخانە و کتێبفرۆشیی "کتێبی ئەرزان" لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.
کۆڕەکە بە بەخێرهاتنی بەشداران لەلایەن خاوەن و بەڕێوەبەری کتێبخانەکە "نێعمەت عەلیمورادی" دەستی پێ کرد. ناوبراو کورتەیەکی سەبارەت بە گرینگیی ئەو جۆرە کۆڕانە، بەتایبەت کوردیی خواروو خستەڕوو.
ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە بۆ خرمەتکردن بە بەرەوپێشچوونی زیاتری ڕەوتی زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی، بەتایبەت کوردیی خواروو هەموومان پێویستە دەست بدەینە دەستی یەک و دەستی نووسەران، شاعێران و لێکۆڵەرانی زمانی کوردی بگرین و هانیان بدەین زیاتر بێنە پێشەوە.
پێکهێنانی ئەو جۆرە کۆڕانە و چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهە کوردییەکانی ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لەو هەوڵانەن.
دواتر شاعیر کاوە خوسرەوی چەند پارچە شێعری بە زاراوەی کوردیی خواروو و دوو هۆنراوەشی بە زاراوەی کوردیی ناوەندی پێشکەش کرد.
دوای ئەو شاعێر سارۆ خوسرەوی، باسێکی کورتی لەبارەی سەرهەڵدانی جووڵەی ئەدەبی لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی شاعێران لەو پێناوەدا، هەروەها پێوەندیی نێوان ڕەوتی زیندووکردنەوە و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی، بەتایبەت زاراوەی کوردیی خواروو لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پێشکەش کرد.
دواتر چەند هۆنراوەیەکی خۆی و چەند وەرگێڕانێکی لە شێعرەکانی "پابلۆ نێروێدا" شاعێری بەنێوبانگی خەڵکی شیلی و براوەی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەبیات لە ساڵی ١٩٧١ پێشکەش کرد.
دواتر بەشداران هێندێک پرسیار و سەرنجیان خستنە ڕوو، کە لەلایەن ئەو دوو شاعێرەوە وڵام درانەوە.