
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافە مرۆییەکان دەیان چالاکی فەرهەنگیی خووزستانی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراون و ئەگەری سزای قورسی سێدارە و دەسبەسەرکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کاروون" کە تایبەت بە لەقاودانی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە خووزستانە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا باس لە بانگکردن و دەسبەسەرکرانی دەیان چالاکانی فەرهەنگی لەوانەش شاعێران و هونەرمەندانی ئەهوازی لە شارە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی کاروون، هۆکاری بانگکردنی ئەو چالاکە فەرهەنگییانەی ئەهوازی بۆ هاوسۆزی و هاوخەمییان لەگەڵ بنەماڵەی شەش لاوی ئەهوازی کە لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤دا لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە درابوون، گەڕاندووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی نێوەرۆکی هاندەرانە" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" داوەتە پاڵ ئەو چالاکە فەرهەنگییانە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی کاروون، وێڕای دەبڕینی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ بەردەوامیی سەرکوتەکان دژی کۆمەڵگەی هونەری و چالاکانی فەرهەنگیی عەرەبی ئەهواز، خوازیاری ئازادیی خێرای ئەو چالاکانە و ڕاگرتنی ڕەوتی بانگکردن و هەڕەشە دژی ئەو چالاکە فەرهەنگییانە بووە.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، هەوڵە سەرکوتکەرەکانی خۆی دژی نەتەوەی کورد، عەرەب، بەلووچ، ئازەری و تورکەمەن و ... دەست پێ کردووە و هەتا ئێستاش ئەو هەوڵە دژەگەلییانەی خۆی درێژە پێ داوە.