
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی (١٥/١٠/٢٠٢٥)، دیدارێک بۆ بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەڕێز کریستیان کرێمێر بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات مەسیحی ئاڵمان پێک هات کرد.
کاک مستەفا هیجری لەم دیدارەدا کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو، باسێکی کورتی سەبارەت بە بنەما فکرییەکانی حیزبی دێموکرات، خەباتی دەیان ساڵەی حیزب بۆ دێمۆکراسی و فێدراڵیزم لە ئێران و دەستخستنی مافی نەتەوەیی کورد کرد.
کاک مستەفا هەروەها ئاماژەی بە قوربانیبوونی هەزاران کورد و سێ ڕێبەری گەوەری حیزب لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا کرد و جەختی کردەوە کە خەباتی چەکداریی کورد لە ساڵانی سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بەرگری لە خۆی بەرامبەر بە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بووە و ئاماژەیەکی بە خەباتی مەدەنی لە قۆناغی ئێستادا کرد.
سکرتێری گشتیی حیزب ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکیی حیزب لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە دوای بانگەواز بۆ مانگرتنی جەماوەری لە کوردستان کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد زۆر ڕێکخستراو و یەکدەنگ بەرەنگاری ڕێژیم دەبێتەوە.
بەڕێز هیجری هەروەها ئاماژەی بە هاوپەیمانیی نەتەوەکانی غەیری فارس و "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ" کرد.
لەم دیدارەدا، کاک مستەفا لە وڵامی پرسیاری بەڕێز کرێمێر سەبارەت بارودۆخی شەش مانگی ڕابردووی ئێران و کوردستان بە تایبەتی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران باسی لاوازبوونی بەرچاوی ڕێژیمی ئاخوندەکانی کرد و ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی سەدان کەس بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر دەیان کەس و بەڕێوەبردنی ئەو حوکمانە کرد.
بەڕێز هیجری هەروەها ئاماژەی بە دابەشبوونی دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەر چەند بەرەدا کرد و ڕوونی کردەوە کە هەر لایەنەکی بەشدار لە دەسەڵات خەتای ئەو شکستە و بارودۆخی خراپی ئێران دەخاتە ئەستۆی لایەنەکانی تر.
بەڕێز هیجری لە وڵامی پرسیاری بەڕێز کرێمێر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دوای بۆمبارانەکانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زۆر لاواز بووە، بەڵام ڕێژیم قەت دەست لە ئامانجی خۆی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەڵ ناگرێ. ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران لەژێر گوشاری نێونەتەوەییدا ناچار بە وتووێژ لەگەڵ ئامریکا ببێت، بەڵام هەر لە هەوڵی پەرەپێدانی ناوەندە ئەتۆمییەکان بۆ سازکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا دەبێت.
بەڕێز کرێمێر سەبارەت بە بۆچوونی حیزب بۆ ئێستا و داهاتووی ئێران و کورد پرسیارێکی ئاراسەی کاک مستەفا کرد و بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب باسی کرد کە ئورووپا و ئەمریکا بە تایبەتی دوای پەسندکردنی پەیمانی ئاشتی بۆ غەززە لەم ڕۆژانەی دواییدا، بەدوای لاوازکردنی هەرچی زیاتری نەخشی ئێران لە ناوچەدان، بەڵام ڕێژیم تەنیا لەژێر گوشار لە ناوخۆی وڵات لەلایەن جەماوەری خەڵک و گوشاری نێونەتەوەییەوە بە چۆکدا دێت. سکرتێری حیزب جەختی کردەوە کە ئێرانێکی دێموکراتیک، فێدراڵ و سێکولار لە دواڕۆژدا بەبێ بەشداریی نەتەوە پەراوێزخراوەکانی غەیری فارس دەستەبەر نابێت.
بەڕێز کرێمێر باسی ڕەوتی ئاشتیی لەم ڕۆژانەی دوایی لە غەززەدا کرد و هیوای خواست کە ئەو پرۆسەیە ڕانەوەستێ و کێشەی فەلەستین بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێت و لەو پێوەندییەدا سەبارەت بە بۆچوونی حیزبی دێموکرات لەبارەی ئەو ڕەوتە پرسیاری کرد کە سکرتێری حیزب لەمبارەوە ڕایگەیاند: ڕێژیمی مەلایان ئەو ئاشتییە بە دژی بەرژەوندییەکانی دەبینێ و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تێکدانی دەدات، بەتایبەت کە ئاخوندەکان خۆیان لە پەراوێزدا دەبینن. بەڕێز هیجری باسی کرد کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ لەبەرچاو نەگیراوە و سەقامگیربوونی ئاشتی لە غەززە ئەو هیوایە پێکدێنێ کە کوردیش ئاشتی و مافە ڕەواکانی خۆی ببینێت.
لە کۆتاییدا هەر دوولا هیوایان بۆ بەردەوامبوون لە پێوەندییەکەیاندا دەڕبڕی.
حیزبی دێموکرات مەسیحی ئاڵمان حیزبی سەرەکیی بەشدار لە حکوومەتی ئاڵمانە و مستەفا قازیزادە، بەرپرسی بەشی پێوەندییە بیانییەکانی حیزب لەم دیدارەدا بەشدار بووە.