کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید

11:26 - 26 رەزبەر 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری  ١٤٠٤(١٥/١٠/٢٠٢٥) هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی ڕێناس خزری و بە هاوڕێیەتی بەڕێز سەیدعەزیز سەیدنژادیان، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەڕێزان ئولا مولـلەر، لەیف نیسمێد و کادیر کاسیرگا، سێ ئەندام پارلەمانی حیزبی سۆسیال دێموکرات پێک هێنا.  خاتوو ئینگالیل کە ئەندامی شارەداریی شاری ئۆپسالایە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هەیئەتەکەی حیزب بە مەبەستی تیشک خستنەسەر توندوتیژیی سیستماتیک و بێبەزەییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گەلی کورد و پێشگرتن بە هەر چەشنە ئازادییەک باسێکیان لە تازەترین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی پێشکەش کرد و ئاماژەیان بە سیاسەتی سێدارە وەک سادەترین چەک بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی بێسنوور دژی گەلی کورد کرد.

هەیئەتەکە بە هێنانەوەی چەند نموونەیەکی ئاشکرا باسی لە سیاسەتی ژەهراویی کۆماری ئیسلامی کرد کە دەرەوەی ئێرانیشی گرتووەتەوە.

نوێنەرانی سۆسیال دێموکراتەکان بە پرسیارکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا باسەکەیان دەوڵەمەند کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و گفتوگۆی زیاتر دەربڕی و داوایان لە هەیئەتی حیزب کرد کە بە پێدانی زانیاریی زیاتر بە پارلەمان، بۆ لەقاودانی سیاسەتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یارمەتی زیاتریان بدەن.