کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی زیندانییانی قزڵحەسار شەشەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند

10:26 - 27 رەزبەر 2725

مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج، لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان کە لە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ دەستی پێ کرد، شەشەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند ڤیدیۆیەکی نێو زیندانی قزڵحەسار بڵاو کرانەوە کە لێوی دووراوی بەشێک لە زیندانییانی ناڕازی پیشان دەدا.

پێش مانگرتنی زیندانییان، مەئموورانی زیندانەکان لانیکەم ١٦ زیندانییان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستەوە کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی کە زیندانییانی یەکەی٢ی قزڵحەسار مان لە خواردن بگرن، بەڵام لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم پێنج زیندانی لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون.

زیندانی قزڵحەسار زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هەیە. زیندانییانی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە زیندانەکانی دیکەی تاران و کەرەجەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ ئەم زیندانە دەگوازرێنەوە.