
ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤(١٨/١٠/٢٠٢٥)، کۆنگرەی پارتی سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپا کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە شاری ئامستردام دەستی بەکار کردبوو لە سێهەم ڕۆژدا کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەی بۆ ساڵی داهاتوو بە سەرۆکایەتیی ستێفان لۆڤێن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید هەڵبژاردەوە.
لە بڕگەکانی دیکەی کۆنگرەکەدا بە چڕی باس لە شەڕی ڕووسیە دژی ئۆکراین و مەترسییەکانی لەسەر ئورووپا کرا.
پەرەسەندنی ڕەوتی ڕاستی ڕادیکاڵ و گەیشتنیان بە هەرەمی دەسەڵات لە وڵاتانی ئورووپا، پرسی ژینگە، ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئیسرائیل و حەماس سەرەکیترین باسی کۆنگرەکە بوون.
هەروەها پارێزگاریکردن لە مافی مرۆڤ، پاراستنی دیمۆکراسی و مافی یەکسانی، نەهێشتنی هەژاری و پەرەپێدانی بیر و سیاسەتی سۆسیالیزم بەشێکی دیکەی باسەکان بوون، کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتان و نوێنەری ڕێکخراوە سۆسیالیستییەکانی بەشدار تاوتوێ کران.
شاندی حیزب پێکهاتوو لە هاوڕێیان د.سۆزان فەتحی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری حیزب لە سۆسیال ئێنتەرنەشناڵ و پرۆگرێسیڤ ئالایانس، حیسام دەستپیش نوێنەری حیزب لە یەکیەتیی ئورووپا، ئاسۆ عەزیزی نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە بێلژیک و سۆران عەلیپوور ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وڵاتی سوید لە دوایین ڕۆژی کۆنگرەشدا چالاکانە لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری حیزب و ڕێکخراو، ئەندام پارلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشدار بۆ باسکردن لەسەر پرسی کورد لە کوردستانی ئێران و ڕەوتی دێموکراسیخوازانەی گەلی کورد لەو پارچەیەدا بەردەوام بوون.