
ڕەوتی بەردەوامی گرانیی دەرمان و نەبوونی هەنددێک دەوا و دەرمان لە دەرمانخانەکان لە ئاستێکدایە کە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بە چڕوپڕی باس لەو قەیرانە مەترسیدارە دەکەن و چیتر ناتوانن حاشای لێ بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە و هەندێک نەخۆشیی تایبەتی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرزی دەرمان و لەڕووی ناچارییەوە خۆیان لە کڕین بواردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا چالاکانی پیشەی دروستکردنی دەرمان لە ئێران پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە سەرچاوەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان بوونی نییە و پاشەکەوتی دەوا و دەرمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو تووشی کەمی بووەتەوە.
سەرۆکی شۆرای باڵای دەرمانخانەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەرکی ئێمە لە دەرمانخانەکان دابینکردنی دەرمانی نەخۆشەکانە و ئەو ئەرکە پێش هەموو ئەرک و کارەکانی دیکەیە بەڵام دیاریکردنی نرخی دەرمان لە سیاسەتی دەوڵەتدا بە شێوەیەکە کە هەرچی تێچووی یەکە دەرمانییەکان و نرخەکەی گرانتر بێت، قازانجی دەرمان کەمتر دەبێت و ئەوەش پیشەسازیی دەرمان تووشی داڕماوی و داخران دەکات و لە کۆتاییدا خۆڵی گرانیی زیاتر و کەمیی دەرمان دەچێتە چاوی نەخۆشەکانەوە".
ئەو قسانەی سەرۆکی شۆرای باڵای دەرمانخانەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی پزشکییان دۆخی پاشەکەوتی دەرمان و نرخەکەی بە "باش" لە قەڵەم داوە.