
دوابەدوای شەپۆلی ئێعدامە ئەمنییەکان لە ئێران، ڕێژیمی ئیسلامی بەبێ بڵاوکردنەوەی هیچ بەڵگەنامە و بەڵگەیەک، جارێکی دیکە هاووڵاتییەکی لە سێدارە دا و سێناریۆی "سیخوڕیکردن بۆ مووساد"ی دووبارە کردەوە.
کازم مووسەوی، بەرپرسی گشتیی دادوەری ڕێژیم لە پارێزگای قوم ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەم کەسە بە ناوی "موحارب و مفسد فیالارض" دوای پەسەندکردنی لە دیوانی باڵای ڕێژیم و ڕەتکردنەوەی داوای لێخۆشبوون، لە زیندانی قوم بەڕێوە چوو.
مووسەوی لە ئاشکراکردنی ناو و وردەکارییەکانی ئەو کەسەی لە لەسێدارە دراوە، خۆی بواردووە. تەنیا ئیدعای ئەوەی کرد کە لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ـەوە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی کردووە.
بە وتەی ناوبراو، ئەم هاووڵاتییە بە هۆکاری شەخسی و پیشەیی پەیوەندی بە مەئموورانی مووسادەوە کردووە و زانیاریی بۆ ناردوون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانێکە هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە تۆمەتی گشتی و پشتڕاستنەکراوەی وەک "سیخوڕی" و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل"، زۆرێک لە ناڕازییان، چالاکانی مەدەنی و هاووتییان لە سێدارە دەدات.
لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەند هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە داوە.