
لە درێژەی کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و سەڕەرۆیانەی چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی"کوردپا''، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە نێوی''ڕێبوار محەممەدزادە'' ٣٨ساڵە و خەڵکی گوندی''سپێدار''ی بانە، بەتەقەی سەڕەرۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سنووریی ''سوورکێو'' گیانی لەدەست داوە.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە محەممەدزادە لە کاتی کۆڵبەری لەو ناوچە سنوورییە کراوەتە ئامانجی فیشەکی هێزەکانی ڕێژیم و هەر لەو شوێنە گیانی لەدەست داوە.
لە ٩ ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا، ٢ کۆڵبەڕی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و کەسێکیش بەسەختی بریندار بووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەر کۆڵبەرێک بە نێوی ''قاسم ئەزیزی'' ٤٧ ساڵە و خەڵکی بانە لە ناوچەی سنووریی''سوورکێو'' بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم بۆ کاروانی کۆڵبەڕان کوژراوە.
هەروەها شەوی سێشەممە ١ی ڕەزبەریش ''کاروان ئەلماسی''، کۆڵبەڕی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری ''نۆوسوود'' کرایە ئامانج و قۆلێ بەسەختی تووشی شکان بوو.