ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٢٢/١٠/٢٠٢٥)، بەڕێز سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە ئوسترالیا لەگەڵ هاوڕێیان باوە ڕەزایی، ڕووناک ڕاد و ژینۆ کاردۆ ئەندامانی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ئیدارەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێپرسراوی فایلی ئێران بە سەرپەرستیی ئیلیسا مۆنڕۆ لە وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هاوڕێیانی حیزب بە وردی باسی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات و ئاژاوەنانەوە لە جیهان و کوشتار و ئیعدامی خەڵکی ناوخۆ بە تایبەتی گەلی کوردیان کرد و لەو پێوەندییەدا بە پشتبەستن بە ژمارەیەک بەڵگە و دێکومێنت کارە دزێو و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمیان هێنایە بەر باس و دەرکردنی سەفیری ئێرانیان لە ئوسترالیا بە وەک بەهێزترین بەڵگە وەبیر کارگێڕانی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا هێنایەوە.
هاوڕێیانی حیزب لە بەشی پێوەندییەکان لە بەشێکی تری ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا بە تێروتەسەلی باسی خەباتی گەلی کوردیان لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کرد و پێشەنگبوونی ئەو گەلەیان لە ڕاگرتنی شۆڕشدا و بە تایبەتی لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان ئازادی) و هەموو لێکەوتەکانی ئەو شۆڕشە و قوربانیدانی نەتەوە ژێردەستەکان بە تایبەتی نەتەوەی کورد هێنایە بەر باس.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی کارە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئوسترالیا و هەروەها گوشارهێنان بۆ سەر هەڵسووڕاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات کرا.
لە درێژە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کرا کە پێویستە ئوسترالیا ئاوڕێکی جیددیتر لە نەتەوەی کورد بداتەوە و پەیوەندیی دیپلوماتیکی ڕەسمی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرێنی کە دەیان ساڵە دژی کۆنەپەرەستی و تێروریزمی ڕێژیمی ئێران خەبات دەکا، تا لەو ڕێگایەوە هەم زیاتر بە خەباتی ڕزگاریخۆازانەی گەلی کورد ئاشنا بن و هەمیش ناوەرۆکی دێموکراتیک و پێشکەوتووانەی ئەو حیزبەیان زیاتر بۆ ڕوون بێتەوە. هەروەها داوا کرا کە ئوسترالیا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا زیاتر بایەخ بە ڕۆڵی کورد لە داهاتووی ئێراندا بدا و بۆ تەریکخستنەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر هەوڵ بدا.
لە دوایین بەشی کۆبوونەوەکەدا باسێکی چڕوپڕ لەسەر دۆخی پەنابەران، چ ئەو کەسانەی لە ئوسترالیان و بێ وڵامن و چ ئەو کەسانەش کە لە دەرەوە وەک پەنابەر ناسراون و تا ئیستا وڵام نەدراونەتەوە کرا و لەو پێوەندییەدا باسی باردۆخی خراپ و هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو کوردانەی کرا کە لە کەمپەکانی باشووری کوردستان دەژین و پێویستیان بە هاوکاری هەیە.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بە بایەخەوە گوێیان بۆ قسەکانی هاوڕێیانی حیزب ڕاگرت و ژمارەیەک پرسیار و تێبینیان هەبوو کە بە باشی وڵام درانەوە.
بەرپرسانی وەزارت دانیان بەوەدا نا کە نەتەوەی کورد لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەوری سەرەکی گێڕاوە و زۆرترین قوربانیشیان لە چوار دەیەی ڕابردوودا دژی فاندیمنتالیزمی ئیسلامی داوە و پێویستە وەک خۆیان و بە بارتەقای زەحمەتەکانیان لە داهاتووی ئێراندا ڕۆڵیان هەبێ. هەروەها بەڵێنیان دا لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا زیاتر بایەخ بە ڕۆڵی گەلی کورد بدەن، بە تایبەت وا بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا هێندێک کۆبوونەوەی گرینگ لە ئاستی نیودەوڵەتی پێک بێت و ئەوان ئەو مەسەلانە دێننە بەر باس.
لە کۆتاییدا بەڵێنی دوو لایەنە درا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە درێژەیان هەبێت.