
پلاتفۆرمی لوبیا ئۆلی کە پلاتفۆرمێکی پێکەوە کارکردنی کەمینە ئاینییەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێکهاتوو لە ئیزەدی، یارسان، زەردەشتی، دروز، ئەرمەنی و بەشێک لە کرسیتیانەکانە، لە ١٩ی مانگی ڕابردووەوە دەستی بەکار کردووە.
ئەم پلاتفۆرمە لە یەکەم کۆبونەوەی خۆیدا داوای لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردی و ئوتریشی کردبوو کە نوێنەرایەتییان بەشدار بێت و پێشنیار و بابەتی پەیوندیدار لەم ڕاستایەدا پێشکەش بکەن.
بەم شێوەیە دیالۆگێکی سالمی بەیەکەوەژیان بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە بە ڕووی یەکتردا بکەنەوە و لەم ڕێگایەشەوە دەنگ و ڕەنگیان بە ناوەندە سیاسییەکانی وڵاتی ئوتریش و دامودەزگا ڕاگەیەنەرەکان و کۆمەڵگای ئوتریشی و ئورووپایی ڕابگات.
نوێنەری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش، هاوڕێ کاک محەممەد عەبدوڵڵاپوور بەشداریی لە پلاتفۆرمی لوبیا ئۆلی لەم وڵاتە کرد و بە زمانی ئاڵمانی وتارێكی پێشكەش كرد.
نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە، باسێكی سەبارەت بە فەلسەفەی پێكهاتنی ڕەوتە ئایینییەکان پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە دروستبوونی ئەم پێكهاتانە لە ئەساسدا بو خزمەت بە مرۆڤایەتی بووە بۆیە ئەگەر باوەڕدارانی ئەو ڕێگا و ڕێبازە ئایینییانە لەسەر فەلسەفە و بناخەی دامەزراندنیان بمێننەوە، هەموو ئایینەکان دەتوانن خزمەت بە مرۆڤایەتی بكەن.
لە درێژەی وتارەكەیدا نوێنەری حیزب باسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە گەلانی ئێران و دەووروبەر تەنیا بۆ پتەوکردنی پێگەی سیاسی مەزهەبەکەی لە ناوچەکەدا دەچەوسێنێتەوە و دەیانکوژێت.
بەڕێز عەبدوڵڵاپوور لە درێژەی باسەكەیدا وتی، بەیەکەوەژیان تەنیا کاتێک دەبێ، کە مرۆڤەکان هەست بە ئازاری یەکتر بکەن، یەکتریان خۆش بوێت و لەپێناو ژیانێکی باشتر هەوڵ بدەن و نەک ئەوەی یەکتر وەک دوژمن و دژبەر ببینن. بەتایبەتی کەمینە ئایینییەکانی كورد كە لەلایەک وەک كورد و لەلایەک وەک كەمینەی ئایینی ئازاری زۆریان پێ گەیشتووە.
لە كوتایی وتارەكەیدا نوێنەری حیزب وێڕای پیرۆزبایی دووبارە بو دامەزرانی ئەو پلاتفۆرمە وتی: لەپێناو سەرکەوتنی ئەو پلاتفۆرمەدا بە دڵنیاییەوە لە هیچ هاوکارییەک درێغی ناکەین.