کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: بێهەڵوێستی لە بەرانبەر تاوان، بە واتای هاودەستی لەگەڵ تاوانکارە

11:36 - 30 رەزبەر 2725

لە نەوەدویەکەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، ئەندامانی ئەو کەمپەینە لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا لەهەمبەر سزای دژەمرۆیی سێدارە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، لەسەر بەردەوامبوونی خۆیان لەو ڕاستایەدا پێداگرییان کرد.

لە بەیاننامەی نەوەدویەکەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بە ئاماژەدان بە سزای لەسێدارەنەکانی حەفتەی ڕابردوودا هاتووە: "لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥٩ کەس لە سێدارە دراون و لە ئێستاشدا لە ٥٢ بەندیخانەی ئێراندا بەندکراوان مانیان لە خواردن گرتووە و ناڕەزایەتیی خۆیان بەو سزا سەدە نێوەڕاستییە دەردەبڕن".

نووسەرانی بەیاننامەی ئەو کەمپەینە ئاماژەی بەوە داوە کە بەندکراوانی بەندی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار دوای حەفتەیەک مانگرتن لە خواردن لەژێر دروشمی "دژی لەسێدارەدانی گرووپی و سەرکوتی حکوومەتی ڕاوەستاوین و لەو ڕاستایەدا توانیومانە شەش کەس لە هاوبەندییەکانمان لە ژووری تاکەکەسییەوە بگەڕێنینەوە نێو بەندی گشت".

هەروەها لەو بەیاننامەدا باس لە درێژەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لە بەرانبەر مەجلیسی ڕێژیم کراوە کە هاواری ناڕەزایەتیی خۆیان دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و لەسێدارەدانی ڕێژیم بەرز کردووەتەوە.

زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە حەفتەی ڕابردوودا تەنیا ٥٩ کەس لەوانەش ٢ ژنێک و منداڵێکی لە سێدارە داوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "حکوومەتی سێدارەی ئێران لە ترسی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵک لە ڕێگەی سەرکوتی بێبەزەییانەوە هەوڵی داوە هاوار و ڕاپەڕینی خەڵکی ڕاپەڕیو کپ بکات بەڵام خەیاڵی خاوە، بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارەی قزڵحەسار و بنەماڵەکانیان نیشانی دا کە بە ئیرادەی بەهێزیان سێدارەی ئەو ڕێژیمە سەراوەژوور دەکەن و بنچینەی ستەم هەڵدەتەکێنن."

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بێهەڵوێستی و بێدەنگی لە بەرانبەر جینایتەت و تاوان، لە ڕاستیدا هاوپشکی و هاودەستیی ئاشکرایە لەگەڵ تاوانکار و جینایەتکاران.