کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ داوای چاودێریی پزیشکی بۆ هەموو زیندانییان لە ئێران کرد

11:46 - 30 رەزبەر 2725

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خوازیاری هەنگاوی بەپەلەی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی زیندانییان لە ئێران بوو و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لەو زیندانییانە بەهۆی بێبەشبوونیان لە دەستپێڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی لە مەترسییەکی گەورەدان.

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە لە نێوان ٢٥ی خەرمانان هەتا ٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٤ سێ زیندانیی ژن لە زیندانی قەرچەکی شاری وەرامین بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکی دروستەوە گیانیان لەدەست داوە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ ئەم گیانلەدەستدانانەی بە بەشێک لە سیاسەتی لەمێژینەی ڕێژیمی ئێران زانی کە بێبەشبوونی پزیشکی وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن بەکار دەهێنێت.

مایکل پیج، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەو ڕێکخراوە وتی: ''زیندانەکانی ئێران بە تایبەت قەرچەک بوونەتە شوێنی ئەشکەنجە و مەرگ.''

قەرچەک بە بارودۆخی نامرۆڤانە و قەرەباڵغی و خراپیی پاکوخاوێنی و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بەناوبانگە. هەروەها سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باسیان لە گواستنەوەی بەزۆری ژمارەیەک بەندکراوی سیاسی ژن بۆ زیندانی ئێڤین کردووە کە دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لە مانگی جۆزەردانی ڕابردوودا، زیان بە دامەزراوەی تەندروستیی ئەو زیندانە گەیشتووە.

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەپێچەوانەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی خۆی، لێکۆڵینەوە لە مەرگە گوماناوییەکان لە زینداندا دا ناکات و زۆر جار هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان نەخۆشییەکانی پێشوەختە دەگەڕێنێتەوە.

ئەو ڕێکخراوە داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە بۆ دەستەبەرکردنی چاودێری پزیشکی گونجاو و سەربەخۆ بۆ هەموو زیندانییەکان، گوشاری زیاتر بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران.