
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڕێکی بەرفراوانی سەرکوت لە دەرەوەی سنوورەکانی لە دژی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ڕەخنەگران لە دەرەوەی وڵات جێگیر کردووە؛ تۆڕێک کە لە هەڕەشەی کوشتنەوە تا هێرشی سایبێری و هەڵمەتەکانی تێکدان لەخۆ دەگرێت.
ساتۆ هۆشداری داوە کە ژنە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی لەچاو ئەوانی دیکە زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی و هەوڵی ڕەگەزپەرستانە دەبنەوە و ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ناوخۆی ئێرانیشدا دەکرێنە ئامانجی لێپرسینەوە و دەسبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان، دەرکردن لە کار و تەنانەت بەندکردنیش.
بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادییە بنەڕەتییەکان لەوانە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی جلوبەرگ و هاتوچۆ، نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران تۆقاندنی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی.
ساتۆ هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٤ی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور کردووە کە بە پشکنینی ٢٨ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی دانیشتووی بریتانیا تیشکی خستووەتە سەر دەرئەنجامە مرۆییەکانی ئەم سەرکوتکردنە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانە بەهۆی هەڕەشە و گوشارە بەردەوامەکانەوە تووشی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام بوون. ئەوان خۆیان لە چالاکییەکانی سۆشیال میدیا بەدوور گرتووە، هەندێکیشیان ناچار بوون واز لە پیشەکەیان بهێنن.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ئەم هەڕەشانەیان ئاسایی کردووەتەوە و نائەمنی بە بەشێک لە ژیانی پیشەیی خۆیان دەزانن".
مای ساتۆ لە کۆتاییدا بە ڕەخنەگرتن لە بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختی کردەوە: پێویستە ئەو کەسانە بپارێزین کە بەڕاستی بەرامبەر دەسەڵات دەدوێن، چونکە بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم سەرکوتکردنەدا بە واتای ئاساییکردنەوەی ستەمکاریی سنووربەزێنی کۆماری ئیسلامییە.