
(خوێندنەوەیەک بۆ وتاری پزشکیان لە کۆڕی گشتیی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا)
عومەر باڵەکی
ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو مەسعوود پزیشکیان سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا ڕوانگەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسەکانی پێوەندیدار بە ئێران و جیهانی باس کرد. پزیشکیان هەوڵی دا لەو وتارەدا ڕوخساریکی زوڵملێکراو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی ڕێبەران و هەیئەتی نوێنەرایەتیی دەوڵەتان بدا و بە نموونەهێنانەوە لە پەیامهێنەرانی خودا ئەو پەیامە بدا کە "ئەوی بۆ خۆت پێت باش نیە بۆ خەڵکی دیکە پێت باش نەبێ". لە هەمان کاتدا ڕوو لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل دەکا و تاوانباریان دەکا بە خەیانەتی دیپڵۆماتێک و جەنایەت لە ماوەی شەڕی دوازدە ڕۆژە دا.
ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوژمنایەتی و کێبەرکێی خۆیان لەگەڵ ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا دەبێ چ بکەن و چ نەکەن باسی ئێمە نیە و خۆیان و دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر کردەوەکانیان درحەق بە یەکتر خۆیان بەرپرسیارن. بەڵام لێرەدا ڕووی قسە لە پزیشکیانە وەک سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران کە وا بێ پەروا و بێ ئاوردانەوە لە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە دەستەواژەکانی وەک "وەرن لە گەڵ ئێمە هەڕەشەکان بکەین بە دەرفەت"، "خەیانەتی دیپلۆماتێک" ،"ئەمنییەت بە زۆرەملی دەستەبەر نابێ" و چەندین دەستەواژەی دیکەی لەو بابەتانە لە قسەکانیدا بۆ نیشاندانی نیازپاکیی کۆماری ئیسلامی کەلکی لێ وەرگرتن و ئەوەی جێگای سەرنج و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا لە کار و کردەوەکانیاندا نە ڕەچاوی فەرموودەی پێغەمبەرانی خودایان کردوە و نە پابەندنی عورف و قانوونە نێودەوڵەتیەکان بوون و نە هەوڵیان داوە هەل و دەرفەتی ئاشتی و ئارامی لە نێوخۆی ئێران و ناوچەکەدا پێک بێن.
پزیشکیان، سەرکۆماری ئێستای ئێران کەسێک نیە کە ئاگای لە پرسی کورد لە ئێران نەبێ و نەزانی کە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا ئەو حکومەتەی کە ئەو سەرکۆماریەتی چ کارەساتێکی ناخهەژێنیان بەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێناوە و لەژێر پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی ئێران، بە مانای تەواوی وشە ئەمنییەت و ئاسایشیان لە هەموو باریکەوە لە خەڵکی کوردستان ئەستاندوە و بە هەموو شێوەیەک گەلی کوردیان لەو پارچە لە کوردستان سەرکوت کردوە، لە قەڵاچۆکردن و کوشتنی خەلکی کوردستانەوە بگرە هەتا سوتاندن و چۆلکردنی گوندەکانی کوردستان و گرتن و زیندانیکردن و ئێعدامی بەکۆمەڵی خەڵک لە چین و توێژی جۆراوجۆری کوردستان بە تۆمەتی بێبنەما و دوور لە یاسا و ڕێسای سەردەم. هەموو ئەو سەرکوتە بێبەزەییانەی لە ماوەی ئەو ٤٦ ساڵەدا لە گەلی کورد کراوە تەنیا بە تاوانی ئەوە بووە کە گەلی کورد دەنگی هەڵبڕیوە و دەڵێ "ئەوەی بە خۆتانی ڕەوا دەبینن بە ئێمەشی ڕەوا ببینن". ئاغای پزیشکیان ئەوە باش دەزانی کە هەر لە سەرەتاوە گەلی کورد و حیزبەکانی کوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێگای ئاشتیانە و بە لێکتێگەیشتن ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد بۆ پێکەوەژیان لە ئێرانێکی ئازاد بە فورسەت ببین نەک هەڕەشە. بەڵام دیتمان ئەو حکوومەتەی لە زمانی سەرکۆمارەکەیەوە و لە تریبوونی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باس لەوە دەکا "هەرەشەکان بکەین بە فورسەت بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان"، لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا بەچەندین جار دەستی رەدیان لە سینگی گەلی کورد داوە کە بۆ ئاشتی درێژی کردوە و بە پێچەوانەی نیازپاکیی گەلی کورد وەڵامی دەسەڵاتدارانی تاران فتوای جیهادی خومەینی بووە بە دژی گەلی کورد و بەو فتوایە شەڕێکی نابەرانبەر بە سەر کوردستاندا داسەپێندرا کە هەتا ئێستاش ئەو شەڕە دڕێژەی هەیە.
ئاغای پزیشکیان ڕووی قسەی لە ئەمریکا و ئیسرائیلە و دەڵێ لە حاڵیکدا خەریکی دانوستان و وتووێژ بووین "خەیانەیان بە دیپلۆماسی " کرد و هێرشیان کردە سەر ئێران. جەنابیان لێرەدا بێ ئەوەی لە بەرانبەر کردەوەکانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیدا هەڵویستەیەک بکا، پێویستە وەبیر خۆی بێنێتەوە کە مێژووی کۆماری ئیسلامی پڕە لە خەیانەت لە دیپلۆماسی و دانوستان. ٣٦ ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیازپاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەلکی خراپ و قێزەوەن و تێرۆریستییان وەر گرت و دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی لەسەر مێزی وتووێژ بەدەستی بەناو هەیئەتی وتووێژکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران. ئەگەر ئەو کردەوە تێرۆریستییە خەیانەت لە دیپلۆماسی و دانوستان نەبێ دەبێ چ ناوەێکی لێ بنێین؟
پزیشکیان سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران لە بەشیکی دیکەی قسەکانی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێ "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی دەکا لە ئاشتی و ئارامی"، بەڵام ئەو دەربرینەی جەنابی سەرکۆمار لە حاڵێکدایە کە هەموو جیهان دەزانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٦ساڵی ڕابردوودا بە هەناردە و پەروەردە کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان بەشی زۆری وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی نائەمن کردوە و ئاسایش و ئەمنییەتی وڵاتانی خستۆتە مەترسییەوە. دادگای میکۆنووس یەکێک لە بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانە بۆ سەلماندنی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری وڵاتان لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. هەروەها سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕوو بە دنیا دەڵێ "ئەمنیەتی واقعی لە ڕێگای شەڕ و هێزەوە دابین نابێ بەڵکوو لە ڕێگای ئێعتمادسازییەوە دەستەبەر دەبێ." ئەو قسەی ئاغای پزیشکیان لە حاڵێکدایە کە ماوەی ٤٦ ساڵە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا بەقسەی خۆی دەیهەوێ ئەمنییەت لە کوردستان بێنیتە دی کە تێیدا سەرکەوتوو نەبووە، چونکە لەو ماوە دوورودرێژەدا ئەو حکوومەتە نەیتوانیووە لە نێوان خۆی و خەڵکی کوردستاندا ئیعتمادسازی بکا.
ئیستا کە شەڕ و ماڵوێرانی گەیشتۆتە نێو خاکی ئێران و دەسەڵاتدارانی تاران تامی تاڵی شکانیان چێشتوە و بە هۆی ڕەچاوکردنی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانیانەوە لە لێواری ڕووخاندان، جەنابی سەرکۆمار پێشوازی دەکا لە ئاشتی و ئارامی و پێکهێنانی کەشوهەوای ئێعتمادسازی لە ناوچە و جیهاندا دەکا و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "ئێمە باوەڕمان وایە دواڕۆژی ناوچەکە و جیهان پێویستە لەسەر بنەمای هاوکاری و ئێعتماد دروست بێتەوە"، لە حاڵێکدا پزیشکیان سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران ئەو قسانە دەکا کە ماوەی ٤٦ساڵە بە دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچەکە بە هۆی گرووپە نیابەتیەکانیەوە ئیعتبار و سەرەوەریی وڵاتانی ناوچەکەی هێناوەتە ژێر پرسیار و هەموو ئێعتمادێکی لەنێو دەوڵەتان و گەڵانی ناوچەکە لە نێو بردوە.
حکوومەتێک لە نێوخۆی وڵاتدا نەتوانێ جێگای ئێعتمادی خەڵكی خۆی بێت چۆن دەتوانێ لە ناوچە و جیهاندا بەو کارنامەی هەیەتی باس لە ئێعتمادسازی و جێگیربوونی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی بکا. گەڕانەوە و کاراکردنەوەی "مکانیزمی ماشە" لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر دوابەدوای قسەکانی سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیدی بیروڕای گشتیی جیهان و دەوڵەتان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە چیدیکە تەحموولی کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکەن وهەوڵ دەدەن بەستینی تێکەوەپێچان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەستی گەلانی ئێران ئامادە بکەن.