
لە دوو ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤دا، لانیکەم ٢٨ زیندانی لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێران لە سێدارە دراون، بەمەش کۆی ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەم مانگە گەیشتە ٢٨٠ زیندانی؛ واتە بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە زیاتر لە هەشت کەس و هەر سێ کاتژمێر جارێک زیندانییەک لە سێدارە دراوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ئەم مانگەی بە “خوێناویترین مانگ بۆ زیندانیان لە دوای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە ساڵی ١٣٦٧” وەسف کردووە. زۆربەی ئێعدامەکان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر و هێندێکیشیان بە تۆمەتی کوشتن جێبەجێ کراون.
چەند شارۆمەندی ئەفغانستانی لە نێو قوربانییەکاندان. لە زۆر حاڵەتدا لەسێدارەدانەکان بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکان و ئاخرین مافی چاوپێکەوتن جێبەجێ کراون.
ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان سەبارەت بە چڕبوونەوەی سەرکوت و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هۆشدارییان داوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە کاردانەوەی هەبێت.
ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی بۆ کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە ڕەخنەی توندی لە زیادبوونی ئێعدامەکان، ئەشکەنجەدانی دەسبەسەرکراوان و پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ١١٩ لەسەدی لەسێدارەدانەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ هۆشداری دا کە کۆماری ئیسلامی یاسای قەدەغەکردنی ئەشکەنجەی پێشێل کردووە بەنیسبەت ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کەمترخەم بووە.