 
        
    
کاکۆ
ژینگە لە واتا گشتییەکەیدا بریتییە لە هەبوونێکی سەرەکی و بنەڕەتی کە بە شوێن و سەرچاوەی ژیان و ئەو جێگایەی کە زیندوویی، ژیان، بەردەوامی و مانەوە تێیدا مسۆگەر دەبێت؛ کەوایە مرۆڤ و کۆمەڵانی مرۆیی و هەروەها بوونەوەرانی دیکە بوون و مانەوە و گەشەکردنیان بەستراوەی ژینگە و سەرچاوەکانی ژیانە.
کاتێک باسی کوردستان و گەلێک کە لەو خاکەدا ئەژین دێتە ئاراوە بە شێوەیەکی دەروونی و عەقڵانی سامان و سەرمایەی سروشتی و بەگشتی ژینگەیی واتە ئاو، خاک، هەوا و کۆی پێکهاتە ژینگەییەکان، دێتە پێشەوە و بەو پێیە خوێندنەوە و شرۆڤەی جوگرافیا و تایبەتمەندی و هەڵکەوتوویی ئەو مەڵبەند و ئاخێزگەیە دادەڕێژرێت و واتا دەگرێت.
هەڵکەوتەی سروشتی و جوگرافیایی کوردستان و زاگرۆسی نیشتمان تایبەتمەندی و دەوڵەمەندییەکی ناوازە و باری ستراتیژیکی بەهێزی پێوە دیارە.
دارستان، لێڕەوار، بەرهەمی جۆراوجۆری سروشتی، ڕووبار، کانیاو، کانگاگەلی زێڕ و بەرد و خاکی بەپیت و لەبار و هتد بە فراوانی و بەربڵاوی تێیدا بوونی هەیە و بووە بە سەرچاوەی ژیان و لە ئەنجامدا دروستبوونی پێگە و مەڵبەندی مرۆیی و چوونە قۆناغی ژیانی نیشتەجێبوون و بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی دوور لە کۆڕەوی و سەقامگرتن و جێگرتن لە شوێن و سەرزەوییەکی دیاریبووی بەرهەمدار بە ناوی کوردستان و زاگرۆسی دێریندا.
ژیانی هەزاران ساڵەی گەلی کورد لەژێر سێبەری ژینگەی بایەخداری کوردستانەوە سەربەخۆیی و پێگە و بەردەوامی و شکۆمەندییەکی لەمێژینەی بە خەڵک و دانیشتووان و تەنانەت دەرەوەی خۆی بەخشیوە.
لە جیهانی ئەمڕۆدا جیا لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەشەڕهاتن لەگەڵ نەتەوە و گەلێکدا جۆرێکی دیکە لە شەڕ هاتۆتە پێشەوە کە پێی دەوترێت شەڕی نەرم، واتە ڕووبەڕووبوونەوە و لێدانی ناڕاستەوخۆ لە قەوارە و ڕەنگ و پیلان و پڕۆسەیەکی داگیرکاریی دیکەدا، سڕینەوەی پێناس و شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەنێوبردنی سامان و سەرچاوەکانی ژیانی گەل و نیشتمان، دەرکەوتەکانی شەڕی نەرمی ڕووخێنەرە کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە زەقی و ڕاشکاوی و خێرایی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەبینرێت و سووچ و قوژبنی ژیانی گەلی گرتۆتەوە.
ئەوەی جێگای تێڕامان و وردبوونەوەیە دۆخی هەستیار و هەڵدێراوی ژینگەی کوردستان و زاگرۆس بەگشتییە کە بە ئازار و قەیرانگەلی جۆراوجۆر و بەربڵاوەوە تووش کراوە و بەرەو کارەساتی ماڵوێرانکەر دەڕوات.
نموونەی تاڵان و کاولکاری و داگیرکارییەکان؛
ئاگری زنجیرەیی 20 ساڵەی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، بنەبڕکردنی دارستان و داگیرکردنی شوێنە پاکتاوکراوەکان بۆ باخ و مەزرا و کارگەگەلی پیشەسازی، سووتاندنی هەزاران هێکتار دارستان و بنەبڕکردنی دارستانەکان بەمەبەستی خەڵووزکردن و تیجارەتی مافیاگەرانەی خەڵووزفرۆشی و بازرگانیکردن بە دارە بەتەمەن و سەختەدار و پێناسبەخشەکانی زاگرۆس، پرۆژەگەلی بەنداو لە ناوچە و شوێنە جیاوازەکانی کوردستان و ڕاکێشان و گواستنەوەی ئاوی بەنداو و ڕووبارەکان بۆ دەرەوەی ناوچە و شارە کوردستانییەکان، ڕێگەپێدان و بەڕێوەبردنی پرۆژەگەلی تاڵان و کاولکردنی ژینگەی کوردستان، سووتاندن و بنەبڕکردنی سەدان هێکتار دارستان و لێڕوارەکان بەمەبەستی ڕێکخستنی پرۆژەگەلی نەوت و گاز لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و کانگاکانی بەرد، خاک، زێڕ و سامانە سروشتییەکانی دیکە لە ناوچە و پارێزگاکانی دیکەی کوردستاندا،
ڕاوی بەکۆمەڵی ئیزندراو و کوشتنی بوونەوەرەکانی ژینگەی کوردستان و زاگرۆس تا ئاستی کەمبوونەوە و تێداچوونی زیندەوەران وەک پڵنگ، گورگ، ورچ و جۆری پەلەوەر وەک هەڵۆ، کەو و هتد و، تەنانەت تیجارەت و بازرگانیکردن بە سمۆرە وەک ڕوێنەر و پارێزەری دارستانەکانی زاگرۆس و دەیان و سەدان نموونەی دەستێوەردان و تاڵان و قاتوقڕکردنی بوومپێک و ساحەتی خاکی پیرۆزی کوردستانە.
لەم نێوانەدا پێویستە بەپێی ئەرکی ئەخلاقی، مرۆیی و نیشتمانییەوە، تاک و کۆمەڵانی کوردستانی بە تێگەیشتنی ئەم ڕاستییانە، لە بوونی سامان و سەرچاوەکانی ژیان بەدوور لە هەر جۆرە بەرتەسکی و هەلپەرستی و بەرژەوەندیخوازییەکەوە، بە هەڵسوکەوتی پێگەیشتووانەی ئەمەگدارانەی بەرپرسیارانەوە ژیانی ئێستا و داهاتوومان لە هەر چەشنە تاوان و داڕمانێک دوور بخەنەوە و ئاسۆی ڕوونی ڕزگاریمان بە شکۆی تەواونەبووی کوردستانەوە مانا و واتا بکەن.
هەروەها دەخوازێت چین وتوێژەکانی کۆمەڵانی کوردستان، چالاکوانان و کۆی ڕێکخراوەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە تێگەیشتنی قووڵ و بیرمەندانە و پلان و کردەوەی فریاکەوتنانە لە ئاستی مانەوە و سەروەریی خاکی پیرۆزی کوردستان و سەربەستی و سەربەرزیی گەل، کارگێڕی و کاردانەوەی گونجاو و کاریگەری خۆیان هەبێت و بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی پیلانی تاڵانکردن و بەبیابانکردنی کوردستان و داڕماندنی کەرامەتی گەل و نەتەوەی کورد، ئەرکدارانە وەخۆ کەون و کۆتایی بەم تراژیدیا ژیانسووتێنەرە بهێنرێت.
کۆتاقسەش ئەمەیە: زیندوویی و سەربەستی و سەورەریمان، بەستراوەی مانەوە و سەرسەوزی و ئاوەدانیی ژینگە و دیمانەی شکۆداری خاکی کوردستانی پیرۆزمانە.
 
                 
                 
                 
             
                                     
                                    