ناوەندی پێوەندییە نێوەنەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمپۆزیومێکی دوو ڕۆژە لەژێر ناوی داهاتووی دیپلۆماسیی کوردی، ئاڵنگاری و دەرفەتەکان لە ڕۆژانی هەینی و شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ بەرامبەر بە ٢ و ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بۆ نوێنەرەکانی خۆی بەڕێوە دەبات.
یەک ڕۆژی ئەم سێمپۆزیومە لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ بە ڕاوەستان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
بەڕێز کاک هیوا بەهرامی ئەندامی ڕێبەڕیی حیزب و بەرپرسی ناوەندی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان باسی لەسەر ناوەڕۆکی سێمپۆزیومەکە کرد و چوارچێوە و بەرنامەی کاری دوو ڕۆژەی بۆ بەشداربووان باس کرد.
پاشان بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەم پانێلیست باسی لە گرینگیی کار و چالاکیی ناوەندی دیپلۆماسیی حیزب لەم قۆناخە هەستیارەدا کرد کە ئێران و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن و هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەرک و ڕاسپاردەکانی خۆی وەک بەرپرسی گشتیی بەشی پێوەندییەکانی حیزب ئاراستەی بەشداربووان کرد.
بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشداریی زۆرتری ژنان بەرامبەر بە ڕابردوو لە بەشی دیپلۆماسیی حیزبدا کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم بابەتە دەربڕی.
بەشداربووی پانێلی دووهەم بەڕێز خاتوو فیۆنا مەککۆنەل، پڕۆفیسۆری جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی ئاکسفۆرد بوو.
بەڕێزیان وتارەکەی خۆی لەسەر چۆنیەتیی دیپلۆماسیی وڵاتانی زلهێز لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان پێشکەش کرد.
پانێلیستی سێهەمی ئەم سێمپۆزیومە بەڕێز کاک ئارش ساڵح نوێنەری حیزب لە ئامریکا بوو .
بەڕێزیان باسەکەی خۆی لەژێر ناوی، دیپلۆماسیی مۆدێڕن و پارادیپڵۆماسی پێشکەش کرد.
دوایین پانێل تەرخان کرابوو بۆ بەڕێز فرێدریک ماڵم ئەندامی پارلەمانی سوید کە باسەکەی خۆی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ناوچەکە و هەروەها ڕۆڵی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە کۆتایی پانێلەکاندا بەشداربووان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕی و پرسیارەکانیان ئاراستەی پانێلیستەکان کرد.