ئاماری پێشێلکاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی کوردستان دەرخەری ئەوەن کە هاووڵاتییانی کوردستانی لە شارەکانی جیاوازەکاندا وەکوو هەموو کات لەژێر گوشار و سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدان و ڕەوتی دەسبەسەرکردن و سێدارە لە کوردستان درێژەی هەیە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کورستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا و تایبەت بە مانگی ڕەزبەر بڵاوی کردەوە کە لەو مانگەدا، ڕێژەی زۆری دەسبەسەرکران و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دژی هاونیشتمانییانی کوردستان لە شارە جیاوازەکان هەڵکشانی بەرچاوی هەبووە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەرچەند ئەو ئامارە کۆکراوانە لە پرۆسەی ڕاستیدۆزی تێپەڕێون بەڵام هۆشداریشی دا کە بەهۆی پێشگرتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی دروست و ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر و بەرچاوترن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤دا، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی قاسم عەزیری، ڕێبوار محەممەدزادە و مەهدی شەریفی لە ناوچەی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون و دوو کۆڵبەری دیکەش لە نەوسوود و بانە بەو هەمان شێوە بریندار کراون.
هەروەها زانیارییەکانی ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکەن لەو مانگەدا لانیکەم ١٩ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی جیاواز لەوانەش "موحاربە" لە بەندیخانەکانی کەرەج، کرماشان، زەنجان و سنە لە سێدارە دراون.
هەر لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە کوردستان، ١٨ هاونیشتمانی لەوانەش چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، سێنفی و سیاسی کە دوو کەسیان منداڵ بوون، سزای بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە لەو مانگەدا، مێهدی مەجیدی بەندکراوی سیاسی و خەڵکی شاری بۆکان لە دوای هەڵوەشانەوەی ئازادکرانی مەرجداری لەڕێگەی پێبەندی ئێلێکترۆنیکییەوە، دووبارە دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگوێزراوە و هەروەها هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی لە دوای چوار حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بێبەریکردن لە چاوپێکەوتن و گرتنی پارێزەر، بۆ بەندیخانەی بانە گواستراوەتەوە.