کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دووەمین ڕۆژی سێمپۆزیومی داهاتووی دیپلۆماسیی کوردی، ئاڵنگاری و دەرفەتەکان لە وڵاتی سویس

10:43 - 4 خەزەڵوەر 2725

 ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە میوانداریی نوێنەرایەتیی حیزب لە وڵاتی سویس، سێمپۆزیومێکی دوو ڕۆژەی لەژێر ناوی داهاتووی دیپلۆماسیی کوردی، ئاڵنگاری و دەرفەتەکان لە ڕۆژانی هەینی و شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ بەرامبەر بە ٢ و ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بۆ نوێنەرەکانی خۆی بەڕێوە برد.

لە ڕۆژی دووهەمی ئەم سەمپۆزیومەدا  (شەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی ) بەڕێز هیوا بەهرامی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب، بەرنامە و پلانی کاری دووهەم ڕۆژی سێمپۆزیومەکەی بۆ بەشداربووان باس کرد.

لە ڕۆژی دووهەمدا چەند پانێلێک بەڕێوە چوو کە یەکەم پانێلیست بەڕێز دوکتور ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی بەرپرسی ناوەندی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب بوو.

بەڕێزیان باسێکی ئاکادمیکی لەژێر ناوی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، هۆکار و دەرئەنجامەکانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە کۆتایی پانێلەکەدا بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی پانێلیستەکە کرد و لەلایان بەڕێزیانەوە وڵام درانەوە.

دووهەم پانێلیستی ئەم ڕۆژە بەڕێز کاک عەلی بداغی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و جێگری ناوەندی ڕاگەیاندنی گشتیی حیزب بوو.

بەڕێزیان باسێکی کورتی لەسەر چۆنیەتیی تەکنیکی وتووێژ و داڕشتنی زانستی ڕاپۆڕتی سیاسی ئاراستەی بەشداربووان کرد.

بەشی کۆتایی ڕۆژی دووهەمی ئەم سێمپۆزیومە تەرخان کرابوو بۆ وۆڕکشۆپێک كە لەم بەشە كۆمەڵێک پێشنیار خرانە بەر چاو و پاش هەڵسەنگاندنی ئەو پێشنیارانە، وەک نەخشەڕێگای كار و چالاكیی داهاتووی ئەم ناوەندە دەستنیشان كران.

سێمپوزیومی پێوەندیەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، پاش دوو رۆژ كاری بەردەوام ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤  بە سەركەوتوویی كۆتایی بە كارەكانی هێنا.