کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە

11:06 - 4 خەزەڵوەر 2725

لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی ٥ بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینای هەڵوەشانەوە و دۆسییەکەیان بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "چاونیوز"، سزای لەسێدارەدانی ٥ کەس لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا لە بۆکان بە ناوەکانی "پژمان سوڵتانی"، ڕزگار بەیگزادە بابامیری"، "عەلی قاسمی (سۆران)"، "کاوە ساڵحی" و "تەیفوور سەلیمی بابامیری" لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی  باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشێندراوەتەوە و دۆسییەکەیان بەمەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد گەڕاندووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز"، دوای پێداچوونەوەی پارێزەرانی ئەو دۆسییەیە، سزای ئەو بەندکراوە سیاسییە هەڵوەشاوەتەوە و دۆسییەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد گەڕێندراوەتەوە.

ئەو بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییانە ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە ئەو پینج بەندکراوە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بە گشتی بە ١١ جار لەسێدارەدان سزا درابوون.

لەو بەناو دادگایەدا، پژمان سوڵتانی و ڕزگار بەیگزادە بابامیری بە تۆمەتی "هاودەستی لە کوشتنی بەئەنقەست" بە سزای "قەساسی نەفس" و ١٥ ساڵ بەندکران و سۆران قاسمی بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو پێنج هاونیشتمانییەی خەڵکی بۆکانی بە تۆمەتی "موحاربە"، "بەغی" و هەروەها " ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" بە لەسێدارەدان و بەندکرانی درێژماوە مەحکووم کردبوو.

بەپێی ئەو سزایە، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی، پژمان سوڵتانی هەرکام بە ٣ جار سێدارە، ڕزگار بابامیری بە ٢ جار سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە پێشتر بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو بە جارێک سزای سێدارەدانیان مەحکووم کرابوون.

ئەو هاونیشتمانییانە لە کۆتایی وەرزی پاییزی ساڵی ١٤٠٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بۆکان و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ تاوان دەسبەسەر کران و دوای ڕاگیرانیان بۆ گرتنگەی ئیتلاعات لە ورمێ ڕاگوێزران و دوای چەندین مانگ لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بوون.