کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ژمارەی لەسێدارەکان لە ئێران ١٣٠٠ کەسی تێپەراند

11:48 - 4 خەزەڵوەر 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە  ١٣٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە.

ئەم دامەزراوەیە بە ئاماژە بەوەیکە ئەم ئامارە زۆرترین ڕێژەی تۆمارکراو لە چەن دەیەی ڕابردوویە هۆشداریی داوە کە هەزاران کەسی دیکە مەترسییان لەسەرە و کاربەدەستانی ڕێژیم سزای لەسێدارەدان وەک چەکێک بەکار دەهێنن.

ئەم ڕێکخراوەیە پێشتریش لە ٢٤ی ڕەزبەردا باسی لەوە کردبوو کە زۆرتر لە هەزار کەس لە سەرەتای ئەمساڵدا لە سێدارە دراون و هەروەها ڕایگەیەندبوو کە لەسێدارەدانەکان لە ئێران ڕەهەندێکی نیگەرانکەریان بەخۆیانەوە گرتووە و کاربەدەستانی ڕێژیم، سزای کوشتنیان وەک کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران و کەمینەکان بەکار هێناوە.

حوسەین بائۆمی، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژە بە زیادبوونی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا، ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی وەک کەرەستەیەک بۆ ترساندن و سەرکوتی خۆپیشانداندەران و سزادانی کەمینە پەراوێزنشینەکان بەکار هێناوە.

ناوبراو وتی کە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ تا ئێستا بێوێنە بووە و هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ لەسێدارەدانە بەکۆمەڵە سیاسییەکانی هاوینی ١٣٦٧ نییە.

ناوبراو وتی بەشێکی بەرچاوی ئەم حوکمانە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە و دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ دەر کراون.

 بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ماڵپەری مافی مرۆڤی هێراناوە، تەنیا لە ڕەزبەری ئەمساڵدا ٢٣٦ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، یانی لە هەر سێ کاتژمێردا کەسێک لە سێدارە دراوە کە ئەم ئامارە دوو منداڵی ژێر ١٨ ساڵیشی تێدا بووە.

آنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەیدا نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت زۆربوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم بە بەڵێنە نێونەتەوەییەکان بە نیسبەت مافی مرۆڤەوە ڕاگەیاندبوو.