کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لە بەردەم بەندیخانەی قزڵحەسار

11:27 - 5 خەزەڵوەر 2725

بەپێی زانیارییەکان کۆمەڵێکی بەرچاو لە بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە و خەڵکی دیکە لەپێش دەرگای بەندیخانەی قزڵحەسار کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوی نێو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە بەشداریی بنەماڵەی ئازاردیتووی بەندکراونی مەحکووم بە سێدارە و کۆمەڵێک خەڵکی دیکە بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان" و "نا بۆ لەسێدارەدانی قزڵحەسار" بەڕێوە چوو.

شایانی باسە ئەو بنەماڵانەی بەندکراوانی قزڵحەسار پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر لە هەمان شوێندا بە دروشمی جۆراوجۆر خوازیاری ڕاگرتن و هەڵوەشانەوەی سزای دژەمرۆیی سێدارەی ڕۆڵەکانیان بوون.

 لە دوای حەفتەیەک مانگرتن لە خواردنی سەدان بەندکراوی بەندیخانەی قزڵحەسار، هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە هەواڵدەریی "میزان" تایبەت بەو هێزەی ڕێژیم، لە ڕێگەی ناساندنی بەندکراوێک وەکوو لیدێری مانگرتنە، هەوڵی بردنەژێر پرسیاری ڕەوایی مانگرتنەی دابوو.

 بەیاننامەی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی یاسایی ڕێژیم لە وتووێژێک لەگەڵ بەندکراوانی مانگرتوو بەلێنییان دابوو کە هەتا کاتی دووبارە پێداچوونەوە بە یاساکان لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە خۆیان دەبوێرن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "هێرانا" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "هەڵسوکەوتی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بەنیسبەت ناڕەزایەتییەکان و ڕەچاوکردنی ماف و داخوازیی بەندکراوان و دۆخی نادادپەروەرانەی ڕەوتی پێداچوونەوەی دۆسییە و  دادگاییکردنیان، جارێکی دیکە کەڵکی لە ستراتێژیی ڕووخاندنی کەسایەتیی مانگرتووان و بەندکراوان و بردنە ژێر پرسیاری مانگرتنەکە گرتووە".

بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە یەکێک لە ترسێنەرترین بەندیخانەکانی ئێران بەئەژمار دێت و زۆرێک لە سزای لەسێدارەدانەکانی بەندکراوان لەو بەندیخانەیە بەڕێوە دەچێت و تەنیا لە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ هەتا ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی لانیکەم ٥٣٧ بەندکراو لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە.