کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە زیاتر لە پەنجا ساڵ خەبات و تێکۆشانی ژنێک لەپێناو گەلی کورددا

12:07 - 5 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٢٦/١٠/٢٠٢٥)، شاندێکی کۆمیتەی بێلژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری برووکسێل بەشدارییان لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە خاتوون پەروین ئەکرەم جەمیل پاشای دیاربەکری کەسایەتیی ناوداری کورد لە بێلژیک ڕێکخرابوو.

مامۆستا بەها ئیبراهیمی وەک بەرپرسی کۆمیتە و سەرپەرستی شاندەکە لە بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا باسێکی لە کار و خەباتی خاتوو پەروین وەک کەسایەتیی کوردی خاوەن ڕێزی هەموو گەلی کورد بێ جیاوازی و کۆمەڵگای بێلژیکی کرد و خەبات و ماندووبوونی بەڕێزیانی بەرز نرخاند.

هەروەها بەڕێزیان سپاسی دۆستایەتی و هاوکارییەکانی خاتوو پەروین ئەکرەم جەمیل پاشای لەهەمبەر هەڵوێستەکانی بۆ حیزبی دێموکرات کرد و لەلایان کۆمیتەی حیزبەوە لە وڵاتی بێلژیک چەپکەگوڵێک وەک وفا و ڕێز بۆ تێکۆشانی بەڕێزیان پێشکەش کرد.

خاتوو پەروین ئەکرەم جەمیل پاشای دیاربەکری کەسایەتییەکی بەناوبانگ و جێگای ڕێزی کوردانی دانیشتووی بێلژیکە و جێگای ئاماژەیە کە خاتوو پەروین ساڵانە کتێب بە زمانەکانی فەرانسەیی و ئینگلیزی و هولەندی لە بوارەی کلتوور، مێژوو، ژینگە و خواستە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا لە چاپ دەدات و هەموو تەمەنی هەوڵی ناساندنی مافە پێشێلکراوەکانی گەلی کوردی لە کۆمەڵگای ئورووپا و لە وڵاتی بێلژیکی داوە.

خاتوو پەروین دۆستێکی خۆشەویست و بەوەجی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێرانە و هەموو کات یارمەتیدەری حیزب و کۆمیتەی حیزب بووە.