ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٢٦/١٠/٢٠٢٥) "ماڵی کوردان" لە شاری ئۆرێبروو کۆڕێکی بۆ شاعیران "عارف عەزیزی"، بە نێوی شێعریی "ڕاوێژ" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "ڕۆژا ناسر" کاکەمەد خەڵکی کەرکووک لە باشووری کوردستان، "ئیبڕاهیم جەهانبەخش" خەڵکی نەفتخانە لە باشووری کوردستان بەڕێوە برد.
ئەو شاعێرانە لە دوو بەشدا شێعرەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
بەشی یەکەمی هۆنراوەی شاعێرەکان بۆ دەربڕینی ئازار و ژانی نەتەوەکەمان تەرخان کرابوو.
شاعێران ڕاوێژ و ڕۆژا ناسر کاکەمەد شێعرەکانی خۆیان بە کوردیی ناوەند پێشکەش کرد.
ئیبراهیم جەهانبەخش هۆنراوەکانی خۆی بە زاراوەی کوردی خواروو پێشکەش کردن کە دەربڕی ئێش و ئازارەکانی کوردە فەیلییەکان بە دەستی ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە بوو.
ئەو هێرشانەی عێراق لە ساڵانی نێوان ١٩٧٠ تا دوای ساڵی ١٩٨٠ بەڕێوەچوون و بە ئەنفاڵی فەیلییەکان لە مێژوودا تۆمار کراوە. لەو هێرشانەدا سەدان هەزار کەس لە کوردە فەیلییەکان بە تاوانی ئایینی، واتە شیعەبوون، لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵقەندران و بەرەو سنووری ئێران سنوورداش بەڕێ کران و هەزاران لاوی فەیلی بێسەروشوێن کران.
دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران و عێراق زۆریان هەوڵ داوە کورد فەیلییەکان وەک کەمایەتییەکی سەربەخۆ لە جەستەی نەتەوەی کورد داببڕن، بەڵام ئەوان و هەموو گەلی کورد فەیلییەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی کورد دەزانن و بەمجۆرە پیلانی دوژمنانی کورد دەکەنە بڵقی سەر ئاو.
شێعری "ئوشوم فەیلییم، کوڕە کوردستانم"ی ئیبراهیم جەهانبەخش ڕەنگدانەوەی ویستی دەروونی کوردە فەیلییەکان و شانازیکردن بە خۆیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی گەورەی کوردە.
بەشی دووهەمی کۆڕە شێعرییەکە بۆ شێعری خۆشەویستی تەرخان کرابوو.
کورتەیەک لە ژیاننامەی شاعیرەکان؛
ڕاوێژ لەدایکبووی1972ی سەلاسی باوەجانی.
لە تەمەنی 7 ساڵی ئاوارەی ڕۆژاوای ئێراق. دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق ئاوارەی ئۆردووگای "الکرامە" لە سنووری نێوان ئۆردۆن و ئێراق دەبێت. 1998 دەستی بە شێعرنووسی کردووە. سێ کتێبی شێعری بڵاو کردۆتەوە و دیوانێکی شێعری ئامادەی چاپە. لە ساڵی 2005ەوە لە وڵاتی سوئێد دەژیت.
ڕۆژا ناسر کاکە مەد ساڵی 1986 لە کەرکوک لە دایک بووە. ساڵی 1987 ئاوارە بوون و تا تەمەنی 12 ساڵی لە شاری کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە. دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە بواری نووسین و مێدیایی دا کار دەکات و پێشەشکاری بەرنامەی ئەدەبی بووە.
ئیبڕاهیم جەهانبەخش لە تەمەنی زۆر کەم دا باوکی کۆچی دوایی دەکات. دواتر دەبێتە ئەندامی حیزبی شیوعی ئێراق. بەهۆیەوە تووشی زیندان و ئەشکەنجە دەبێت. لە ساڵی 1996ەوە لە وڵاتی سوئێد دەژی. چالاکێکی بواری مێژوو و ئەدەبی کوردی بە گشتی و کوردە فەیلییەکان بە تایبەتییە.